زایەڵە - مه‌لابه‌ختیار، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى یه‌کێتى نیشتمانى ده‌ڵێت:"یه‌کێتی و پارتى تاقه‌ دوا هێزى بڕیارده‌ر له‌کوردستاندا نه‌ماوون، گه‌رچى به‌حوکمى ده‌سه‌ڵات‌و هێزى چه‌کداریشه‌وه‌، له‌ لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتدان، گه‌وره‌ وڵاتان‌و ئیقلیمیه‌کانیش وه‌کو جاران سه‌یریان نه‌که‌ن".

مه‌لا به‌ختیار له‌به‌شێکى دیکه‌ى وتاره‌که‌یدا ده‌شڵێت:" دواى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیانه‌، به‌ڵکو له‌روانگه‌ى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌وه‌، حساب بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن. بۆیه‌، هه‌قوایه‌ هه‌رگیز، خۆمان له‌خشته‌نه‌به‌ین‌و له‌خۆمان‌و چاره‌نوسمان، له‌م ئیقلیمه‌دا، که‌ ئیقلیمى سه‌پاندنى سیاسه‌تى وڵاتانى ئیقلیمییه‌.. ئینجا به‌رژه‌وه‌ندى ئیقلیمییه‌، قه‌ت دڵنیاى ستراتیژى نه‌بین".

 ده‌قى وتارى مه‌لابه‌ختیار:

دۆخى کوردستان له‌به‌ر رۆشنایى دۆخى ناوچه‌که‌

کارێکى گرنگ بوو، دواى هه‌وڵێکى دڵسۆزانه‌ى نهێنی، بۆ ئارامکردنه‌وه‌ى دۆخى سیاسى کوردستان، کۆبونه‌وه‌ ره‌سمیه‌کان به‌ هاتنى به‌ڕێز سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان، ده‌ستیپێکرد. سه‌رۆکى هه‌رێم چاکى کرد که‌ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌ى کرد؛ لایه‌نه‌کانیش چاکتریان کرد به‌ده‌میه‌وه‌ چوون. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ره‌سمییه‌، وه‌کو سه‌ره‌تاى کردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ، گرنگه‌، به‌ڵام گرنگتر ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی. چونکه‌ زۆرجار کۆبونه‌وه‌کان له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌کان‌و پێکه‌نینى به‌رپرسه‌کان ده‌بینرێ‌.. به‌ڵام ئه‌نجامى ئه‌وتۆ ناده‌نه‌ ده‌سته‌وه‌.

من نامه‌وێ‌، باسى به‌رپرس‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بکه‌م، که‌ پێویسته‌ له‌مه‌ودوا چى بکه‌ن. چونکه‌ دۆخى ناوخۆى کوردستان، له‌هه‌موو بارێکه‌وه‌ وا تێکدراوه‌، ئاسان نییه‌، به‌ سه‌ردانێک‌و دیدارى به‌رپرسه‌کان، خه‌مه‌کان بڕه‌وێنه‌وه‌. بۆئه‌وه‌ى بایه‌خى درێژه‌پێدانى ئه‌م کۆبونه‌وانه‌، هه‌تا ده‌یگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجام، بزانرێ‌، دۆخى سیاسى ناوچه‌که‌ شه‌ن‌وکه‌و ده‌که‌م، بۆئه‌وه‌ى بزانرێ‌ کوردستان‌و کوردایه‌تی، به‌ چ قۆناغێکى هه‌ستیار و چاره‌نوسسازدا، تێده‌په‌ڕێ‌!!

   هه‌رێمى کوردستان، زیاتر له‌ وڵاتانى گه‌وره‌ى جیهان، چاره‌نوسى په‌یوه‌ستى دۆخى ناوچه‌که‌یه‌.

وڵاتانى گه‌وره‌، راسته‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان گه‌لێ کاریگه‌رن. ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام ئه‌م کاریگه‌رییه‌ که‌ى ده‌رده‌که‌وێ‌؟ رێک ئه‌وکاته‌ ده‌رده‌که‌وێ‌، که‌ وڵاتانى گه‌وره‌، یان به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌کانیان بکه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، یاخود ئاساییشیان مه‌ترسى بێته‌ سه‌ر. جگه‌ له‌و دوو بنچینه‌یه‌، زلهێزه‌کان، دیاره‌ له‌سه‌ر ئه‌م‌و ئه‌و ناوچه‌، هه‌ڵوێست ده‌رده‌بڕن، به‌ڵکو کۆمه‌کیش ده‌که‌ن. به‌ڵام هه‌ڵوێست‌و کۆمه‌که‌کانیان ته‌کتیکین، ستراتیژیى نین؛ وه‌لێ کاتێک بنچینه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیو ئاساییشیان ده‌که‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسی، هه‌نگینێ‌، بڕیارى ستراتیژى ده‌ده‌ن. کوت‌ومت وه‌کو ئێستاى ئۆکراینا دژى روسیا.

وڵاتانى ئیقلیمى (عێراق، ئێران، تورکیاو سوریا) تائێستا، سه‌باره‌ت به‌ کوردستان، به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ پله‌یه‌کى خواره‌وه‌یه‌.. له‌چاو به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌م وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتر. یان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ وڵاتاندا. به‌ڵکو وڵاتانى تریشدا. جگه‌له‌وه‌ی، سیاسه‌تى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى (عه‌ره‌ب، فارس، تورک) هه‌روه‌ها (ئیسلامی-مه‌زهه‌بی) له‌ناو ده‌وڵه‌تانى ئیقلیمدا، گه‌لێ لایان گرنگتر، به‌ڵکو تا ڕاده‌ى پیرۆزی، پیرۆزتره‌، له‌و په‌یوه‌ندیو به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ى وڵاتانى ئیقلیمی، له‌ته‌ک نه‌ته‌وه‌ى کوردو هه‌رێمى کوردستاندا، هه‌یانه‌!

واتا: وڵاتانى ئیقلیمی، پێش هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌ک، به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ى باڵاده‌ستى خۆیان له‌ناو وڵاته‌کانیاندا له‌به‌رچاو ده‌گرن. ئینجا، به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رى ئیقلیمیان. هاوکات، به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ زلهێزه‌کان‌و بازاڕه‌کان‌و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان.

دواى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیانه‌، به‌ڵکو له‌روانگه‌ى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌وه‌، حساب بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن. بۆیه‌، هه‌قوایه‌ هه‌رگیز، خۆمان له‌خشته‌نه‌به‌ین‌و له‌خۆمان‌و چاره‌نوسمان، له‌م ئیقلیمه‌دا، که‌ ئیقلیمى سه‌پاندنى سیاسه‌تى وڵاتانى ئیقلیمییه‌.. ئینجا به‌رژه‌وه‌ندى ئیقلیمییه‌، قه‌ت دڵنیاى ستراتیژى نه‌بین.

به‌درێژایى مێژوو، کوردستان، به‌ئه‌ندازه‌ى ئێستا په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ زلهێزه‌کاندا نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ که‌ی؟

له‌م دۆخه‌دا که‌ هێشتا کێشمه‌کێشى تیرۆریستانى داعش‌و ناکۆکى وڵاتانى ناوچه‌که‌و دژایه‌تى زلهێزه‌کان له‌لایه‌ن وڵاتانى ئیقلیمیه‌وه‌، تاڕاده‌یه‌ک، ماوه‌. به‌ڵام ده‌بێ‌ دڵنیابین که‌ دۆخى وڵاتانى ئیقلیم‌و په‌یوه‌ندییان به‌ زلهێزه‌کانه‌وه‌، تاهه‌تایه‌ چه‌قنابه‌ستێ‌. به‌ڵکو په‌یوه‌ندیه‌کانى ئیقلیمیو جیهانیش، له‌ ئاڵوگۆڕدان. ئاڵوگۆڕه‌کانیش، هێنده‌ى چاره‌سه‌رى کێشه‌ى زلهێزه‌کان‌و هێزه‌کانى ئیقلیمى تیا ره‌چاوده‌کرێ‌، دوا نه‌ته‌وه‌ بیرى لێبکه‌نه‌وه‌ کوردو کوردستانه‌، ئه‌گه‌ر لێشمان هه‌ڵنه‌گه‌ڕێنه‌وه‌!!

که‌واشبێ‌:

زلهێزه‌کان به‌دواى چاره‌سه‌رى ستراتیژى له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا بن؛ هێزه‌کانى ئیقلیمیش ئامانجیانه‌ له‌و چاره‌سه‌ره‌دا، پشکى چه‌وریان هه‌بێ‌. ته‌واوى هه‌وڵه‌کانیش بۆ گۆڕینى حکومه‌ته‌کان (به‌هارى عه‌ره‌بی، پرۆژه‌ى رۆژهه‌ڵاتى گه‌وره‌) سه‌ریان نه‌گرتبێ‌.. ئیتر زه‌مینه‌ سازه‌ بۆ رێکه‌وتنێکى جیهانی-ئیقلیمى نوێ‌. سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان، ئه‌رکێتی، له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى به‌ڕێوه‌یه‌، به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان بپارێزێ‌‌و شوێنێک له‌ناو هاوکێشه‌کاندا، بۆ کێشه‌ى کوردستان دابین بکات. ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌، ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌لایه‌که‌وه‌:

- حکومه‌تى کوردستان، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ى خه‌ڵک‌و داخوازى ئازادیه‌کان‌و هه‌ڵبژاردنى شه‌فاف‌و بێگه‌رد دابین نه‌کات.

له‌لایه‌کى دیکه‌شه‌وه‌:

- حکومه‌تى ھه‌رێم و به‌غداد، له‌سه‌ر کێشه‌ى نه‌وت و غاز، ھه‌روه‌ھا بودجه‌ و مووچه‌ و ده‌روازه‌ سنوریه‌کان، به‌ پێى برگه‌کانى ده‌ستور و پرۆژه‌یه‌کى نوێ، رێک نه‌که‌وێ

- هێزه‌ کوردستانیه‌کان، له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوسه‌نگیو رێکه‌وتنى نوێى ستراتیژی، له‌ناو خۆیاندا رێک نه‌که‌وون.

بێگومان، یه‌کێتیو پارتى هێزى یه‌که‌م‌و دووه‌من تائێستا.. به‌ڵام دۆخى ئێستاو زه‌مینه‌ى سیاسى ئێستا، جیاوازتره‌ له‌ هى دواى راپه‌ڕین. جگه‌له‌وه‌ى یه‌کێتیو پارتى رێژه‌ى ده‌نگه‌کانیان له‌ناو کۆى گشتى ده‌نگده‌ران، گه‌لێ دابه‌زیووه‌. دوچارى قه‌یرانى ئابوریو بێمتمانه‌ییو ناڕه‌زایى فراوانیش بونه‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌و راستیانه‌، له‌به‌رامبه‌ریشیاندا، هێزه‌کانى تریش هه‌ن‌و کاریگه‌ریشن‌و خۆیشیان بۆ سه‌رکه‌وتنى زیاتر سازده‌ده‌ن. واتا:

یه‌کێتیو پارتى تاقه‌ دوا هێزى بڕیارده‌ر له‌کوردستاندا نه‌ماوون. گه‌رچى به‌حوکمى ده‌سه‌ڵات‌و هێزى چه‌کداریشه‌وه‌، له‌ لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتدان. گه‌وره‌ وڵاتان‌و ئیقلیمیه‌کانیش وه‌کو جاران سه‌یریان نه‌گه‌ن.

ئه‌م قۆناغ‌و دۆخه‌، قۆناغ‌و دۆخى ژانگرتووه‌ بۆ گۆڕانکارى هاوکێشه‌کان.. چ ده‌ره‌کیو چ ناوه‌کى چ حیزبیش!