زایەڵە – گەرم ووبنی گۆی زەوین دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسگەلێکی نوێ لە نێو ئاژەڵاندا، پاش بڵاو بوونەوەی ڤایرۆس نەخۆشینگەلی چڵکی نوێ سەرهەڵئەدات و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە.
لێزانان و پسپۆڕان بەو ئاکامە گەیشتن کە گەرمتر بوونی زەوین تا ساڵی 2070ی زایینی دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی 4000 جۆر ڤایرۆس لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا.
ئەم لێکۆڵینەوە کە له گۆڤاری " Nature" بڵاو بوویەوە باس لەسەر کاریگەری ئاڵ و گۆڕی کەش و هەوا لەسەر گوانداران دەکات و ئەم بابەتە دەخاتە بەر توێژینەوە.
پسپۆڕان دەڵێن تا ساڵەکانی 2070ی زایینی گەرماسازی جیهانی زیاتر لە 3000 جۆر گواندار ناچار بە کۆچ کردن دەکات و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم جۆرە گواندارانە هەمبەر بە یەکتر 4000 جۆر لە ڤایرۆس بڵاو دەکاتەوە.
لەم توێژینەوەیە دا بەوەش ئاماژە کرا کە نەوەد لە سەدی ئەم گواستنەوەی ڤایرۆسییە لە ڕێگای شەمشەمەکوێرەوە هەیە و زۆربەی لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیاوە بە ڕێوە دەچێت.
گرگ ئالبری یەکێک لە نووسەرانی ئەم لێکۆڵینەوە دەڵێ هەر کام لەم ڤایرۆسگەلە کاریگەرە لەسەر سڵامەتی ئاژەڵان و بێ گومان لە نێوان مرۆڤیشدا بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە.
ناوبراو جەختیشی لەسەر ئەوە بوو کە بڵاو بوونەوەی 4000 ڤایرۆس بە مانای پەتاییەکی نوێ وەکوو پەتای کڕۆنا نییە.