زایەڵە - مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی دکتۆر کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی پەسند کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری ناوبراو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، مۆڵەتی وەرگرتووە و "بەهۆی ئەوەی پرۆسەی چارەسەرییەکەی کاتی زیاتری دەوێت، بە ویستی خۆی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە" و دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند کراوە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا بە وەکالەت کاروبارەکانی بەڕێوەدەبات.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ماوەی رابردوودا باری تەندروستیی بەڕێز دکتۆر کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان جێگیر نەبووە، بۆیە چەندین جار بە مەبەستی چارەسەری مۆڵەتی وەرگرتووە. ئێستاش دووبارە بەڕێزیان بە مەبەستی چارەسەری، بەنیازە سەردانی دەرەوە بکات و پرۆسەی چارەسەریشی کاتی زیاتری پێویستە."
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال ئەترووشی، "لەبەر ئەو هۆیە و بە ویستی خۆی، دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەت کرد،" ئاماژە بەوەش کراوە، "بۆئەوەی ئامادەنەبوونی بەڕێز دکتۆر کەمال ئەترووشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاروباری وەزارەت نەبێت، بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند کرد."
هەر لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، مەسرور بارزانی بڕیاری داوە کە کەمال ئەترووشی، "وەکو راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە، بەپێی توانا و دۆخی تەندروستیی، لە خزمەت بەردەوام بێت."
لە شوێنی کەمال ئەترووشی-یش "کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا راسپێردرا، بە وەکالەت کاروباری وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بەڕێوەببات."