زایەڵە - پلاسخارت لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ هاوكاری عێراق (یۆنامی) ڕایگەیاند، لە دیالۆگێكدا لە هەولێر كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە رێكخرابو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، تاوتوێی هەڵبژاردن و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بەهێزكردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن یۆنامییەوە بڵاوكرایەوە”سەرۆك و نوێنەری باڵای لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەكی نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەولێر ، لەسەر بانگهێشتی جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاوكاری عێراق كۆبونەوە”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە” لەگەڵ ئەوەی كە وا بڕیارە لە 1ی (تشرینی یەكەم/10)ی 2022 هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، كۆبونەوەكە دەرفەتێكی ڕەخساند بۆ لایەنەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە جیاوازەكان، لەوانەش پێویستیی دوركەوتنەوە لە سیاسەتی جیاكارییانە و ڕێكردن بەرەو هەڵبژاردنێكی باوەڕپێكراو و شەفاف، خزمەتكردنی بەرژەوەندی گەلانی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی ئەمڕۆدا تەوەری سەرەكی بوو”.
جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عێراق و بەرپرسی یونامی، سوپاسی لایەنەكانیان كرد بۆ بەشداریكردن و داوای بەردەوامبوون و چڕتركردنی هەوڵەكانیان كرد، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە زۆرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە.
جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عێراق لە 23ی ئەم مانگەدا، لەپەیامێكیدا بانگهێشتی لایەنە سیاسییەكانی هەێمی كوردستانی كرد بۆ كۆبونەوەیەكی هاوبەشی داخراو لە 26ی ئایار و لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو”لەگەڵ ئەوەی كە بڕیارە یەكی (تشرینی یەكەم/10)ی 2022 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، كۆبونەوە لەگەڵ لایەنەكان دەرفەتێكی پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆی بیروڕاكان دەڕەخسێنێت”.