زایەڵە – لەسەر بۆردومانەکەی ئامێدی کە دوو کوژراوی لێکەوتەوە، لێدوانی دژبەیەک دەدرێت و دژە تیرۆر پەکەکە تۆمەتبار دەکات و ئەو لایەنەش تورکیا بە ئەنجامدەری هێرشەکە دەناسێنێت.

لە بۆردومانێکدا بۆ ناوچە سنورییەکانی قەزای ئامێدی دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

تاوەکو ئێستا نازانرێت کێ بۆردومانەکەی ئەنجامداوە.

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، پەکەکە بووە و میدیای پەکەکەش، تورکیا بە ئەنجامدەری هێرشەکە دەناسێنێت.  

ئێوارەی پێنجشەممە 26-5-2022 لە بۆردومانێکدا لە ناوچە سنورییەکانی ئامێدی، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.  

لەدوای بۆردومانەکە، لە ڕاگەیەنراوێکدا دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "پەکەکە بۆردومانی سنورەکانی ناحیەی بامەڕنێی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون."

لە بەرامبەردا میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەڵێت، سوپای تورکیا بۆردومانی گەشت و سەیرانی هاووڵاتیانی کردووە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە.  

جگە لە ڕاگەیەنراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان، تاوەکو ئێستا هیچ دەزگایەکی هەرێم ڕوونکردنەوەی لەبارەی بۆردومانەکە بڵاونەکردووەتەوە.