زایەڵە - سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنی پەرلەمان ئاشكرادەكات و دەڵێت: قسەی ئێمە ئەوە بوە کە کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات نەک کادری حزب و حاکم.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتی"سەبارەت بە لایەنی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم سەرپەرشتی بکات، بەڵام کێشە یاساییەکان و کەموکورتییەکانی پڕ بکرێتەوە ."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوەی پەیوەندی بە کەمینەکانەوە هەیە، رای ئێمە وایە ١١ کورسییەکە کەمبکرێتەوە و دابەشی پارێزگاکان بکرێن."

دەربارەی ژماردنەوەی دەنگەکانیش، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەی خستۆتەڕو"ئێمە وتومانە دەکرێت دەنگدان ئەلیکترۆنی بێت، بەڵام ژماردنەوە دەبێ دەستی و ئەلیکترۆنی بێت."

لەبارەی كۆمسیۆنیش ئاماژەی بەوەداوە "جا ئەوەی کۆمسیۆن حاکم بێت یان کادری حزبی، قسەی ئێمە ئەوە بوە کە کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات نەک کادری حزب و حاکم و شتی وا. ئێمە بە نوسراوی فەرمیش لەم بارەیەوە قسەی خۆمان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە."