زایەڵە - بەپێی قسەی پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ لە كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی نەوتی پەرلەمان رایگەیاندوە، لە دەسەڵاتماندایە هەژماری بانكی هەرێم رابگرین و نەتوانن مامەڵەی پێوە بكەن. دەشڵێت، لە مانگی 8ی ئەمساڵ لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم دادگای پاریس دژ بە توركیا بڕیاردەدات و ئەو وڵاتە دەبێت دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت یان قەرەبوی عێراق بكاتەوە.

رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق،  ڕۆژی سێشەممە لیژنەی نەوتی پەرلەمان، عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆی بانگهیشت کردبو کە ئێمەش وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەشداربوین لە كۆبونەوەكە.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە لە كۆبونەوەكەدا بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەداوە كە "عێراق رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ۳ ملیون ۷٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیەو تا ٢٠٢٧ دەیگەیەنێتە  ٨ ملیۆن بەرمیل و هەرێمی كوردستان رۆژانە لە نیوان ٤۳٠ هەزار تا ٤٥٠ هەزار لە رێگای جیهانەوە دەفرۆشێت و وتیشی: بەس ئەمەمان لایە و نازانیین چەندی تر دەفرۆشێت لە رێگای وشکانییەوە."

هەروەك بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ وتوشیەتی"دراسەی ئەوەشمان لایە کە هەرێم تا ساڵی ۲٠۳٥ ناتوانیت ٤٠٪ ئەم نەوتەی ئیستا بەرهەم بهێنێت."

هەروەها عەلا یاسری ئەوەشی وتوە كە "هەرێم نەوتەکەی ۱۱٪ لە ئێمە کەمتر دەفرۆشیت و تێچوی هەناردەکردنەکەشی لە ئێمە زیاتر دەدات."

بەگوێرەی قسەی پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ، عەلا یاسری، سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی وتویەتی"ئێمە لیژنەیەکمان پیکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی و نەرمییەکی زۆریشمان نواند و ئەم چەند ئۆپشنەمان خستە بەردەستی هەرێم: یەکەم: ئێمە تەنها نەوتەکەتان بۆ دەفرۆشین و پارەکە لە بانکێک دابنێنن کە خۆتان مامەڵەی پێوە بکەن و هەرکات متمانەتان بە ئێمە نەما پارەکە هەموی راکێشن. دوەم: کۆمپانیایەک دابنێن هەمو ئەندام و سەرۆکەکەشی با لەئێوە بن و بارەگاکەی لەهەولێر بێت، تەنها سەر بە وەزارەتی نەوت بێت. سێیەم: ئەگەر کێشەی فرۆشتنتان هەیە، فەرمون ئەوە مشتەری و باخرەو لایەنی جێبەجێکار بەڵام بەکەمتر مەیفرۆشن."

بەپێی قسەی رێبوار ئەوڕەحمان، عەلا یاسری وتوشیەتی، وەڵامی هەرێم بۆ ئەو "نەرمییەی ئێمە" ئەوە بوە "کتابێکیان ناردوەو دەڵێن چوار سەرۆکایەتیەکەی هەرێم دان بە دادگای ئیتحادیدا نانێن."

بەگوێرەی قسەی پەرلەمانتارە كوردەكە، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ وتوشیەتی"ئێستا ئێمە موستەشارەکانی خۆمان راسپاردون کە لەگەڵ هەردو نوسینگەی یاسایی جیهانیی لە لەندەن و پاریس ئاگادار بکەنەوە کە لە ڕیگای دادگاوە سکاڵا بکەن لەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێم کار دەکەن و قسەیان لەگەڵ ئەو بانکانەش کردوە کە پارەی نەوتی هەرێمی تێدەچیت."

هەروەك عەلا یاسریسەبارەت بە دادگای پاریس وتویەتی"مانگی هەشت دژ بە تورکیا بڕیار دەدات و کەیسەکەمان ماوەو دوای بڕیاردان دەبێت تورکیا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت یان قەرەبوی عێراق بکاتەوە." ئەوەش بەگوێرەی گێڕانەوەی پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ.

رێبوار ئەوڕەحمان ئاماژەی بەوەشداوە كە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ وتوشیەتی"لەدەسەڵاتماندایە حساب بانکی هەرێم رابگرین و نەتوانن مامەڵەی پێوە بکەن و رەنگە ئەوەش بکەین گەر پێویست بێت. ئێمە تەنها ١ دۆلار و ٩ سەنت دەدەینە تورکیا بۆ بۆریەکە، بەڵام هەرێم چەندین هێندە دەدات، پێمان وتن بۆ ئەو هەمو پارەیە دەدەنە تورکیا؟."