زایەڵە - هاوسه‌رگیری یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین بڕیاره‌كانی ژیانی مرۆڤ، به‌و مه‌رجه‌ی‌ له‌سه‌ر ویست و ئاره‌زوو و بڕیاری دڵ و عه‌قڵ بێت چونكه‌ ئه‌وه ته‌مه‌نێك ژیانكردنه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی جیاوازتر له‌ ئه‌ندامه‌كانی خێزان، ژیانێكه‌ خۆشی و ناخۆشی تێده‌كه‌وێت و دوو خێزان تێكه‌ڵاوی یه‌كتر ده‌بن، منداڵ و نه‌وه‌ی‌ تازه‌ ده‌بنه‌ به‌رهه‌می ئه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌.

هه‌ریه‌ك بۆ هاوسه‌رگیری مه‌رج و ویست و ئاره‌زووی خۆی هه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت، به‌شێك خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی و هه‌ندێك جوانی و هه‌ندێك ڕه‌وشت و ئاین، به‌شێكی دیكه‌ بڕوانامه‌ و پاره‌ و بابه‌تی دیكه‌ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ هه‌ڵبژاردنی هاوبه‌شی ژیان، هه‌ندێكیش كۆكراوه‌ی‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌ك له‌مانه‌یان ده‌وێت له‌ هاوسه‌ره‌كه‌یاندا هه‌بێت.

هه‌تا ئێره‌ بابه‌ته‌كه‌ ئاساییه‌ و هه‌ركه‌س ئازاده‌ كێ و بۆچی كه‌سێك دیاری ده‌كات ببێته‌ هاوڕێی ته‌مه‌نی، ئه‌وه‌ی‌ نائاساییه‌ قسه‌ و برِياري كۆمه‌ڵگا و كه‌سوكار و ئه‌وانه‌ی‌ ده‌وروبه‌ره‌ كه‌ هێشتا له‌ كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی و به‌تایبه‌ت له‌ كوردستان قسه‌ی‌ سه‌رۆك عه‌شره‌ت و دراوسێ و خزم و بێگانه‌ بنه‌مای یه‌كه‌مه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر، له‌ كوردستان شانازیه‌ پیاوێك له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك كه‌ 10 و 20 و 30 ساڵ له‌خۆی مناڵتر هاوسه‌رگیری بكات به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ شه‌رم و ئابڕوبه‌رانه‌یه‌.

پسپۆڕی بواری ده‌رونی” خه‌لیل زه‌یود” وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری وڵاتی ئه‌رده‌ن به‌رده‌وام له‌ڕێی وتاره‌كانیه‌وه‌ داوا له‌ گه‌نجه‌كان ده‌كات كه‌ خۆیان هاوبه‌شی ژیانیان دیاری بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و پێوه‌ره‌ی‌ گه‌نجێك له‌ مێشك و دڵیایه‌تی هه‌مان ئه‌و پێوه‌ره‌ نییه‌ كه‌ دایك و خوشكه‌كه‌ی‌ و براكه‌ی‌ هه‌یانه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ش به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بیری گه‌وره‌كان ده‌خاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ هه‌ڵبژاردنی ژیانی هاوبه‌شی خۆیان به‌رپرس بوون پێویست نییه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ ژیانی گه‌نجه‌كانه‌وه‌ ده‌ستكاری بژارده‌كانی ئه‌وان بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ركه‌س ته‌مه‌نێك و ژیانێكی هه‌یه‌ و ئازاده‌ كێ و چۆن و بۆچی دیاری ده‌كات.

له‌ كوردستان زۆربه‌ی‌ هاوسه‌رگیریه‌كان یان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ قه‌یره‌ نه‌بن یان له‌به‌ر قسه‌ی‌ دایك و خوشك و باوك و برا و خزمه‌، كچ پێشكه‌ش به‌ پیاو ده‌كرێت، له‌ ته‌عزێ و حه‌فله‌ و ساڵۆن كچ بۆ كوڕ ئه‌دۆزنه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، كاتێك كه‌سوكاری كوڕ ئافره‌تێكیان بۆ كوڕه‌كه‌یان دیاری كرد ئیتر بۆی نییه‌ بێجگه‌ له‌و كه‌سێكی دیكه‌ بكاته‌ هاوبه‌شی ژیانی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێكی دیكه‌شی خۆش بوێت بۆ كچانیش هه‌مان بابه‌ته‌، زۆرجار لێره‌وه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی خۆشه‌ویستی نێوان دوو هاوسه‌ره‌كه‌، ناپاكی هاوسه‌رگیری دروست ده‌بێت.

زۆر گرنگه‌ گه‌نجان به‌ كچ و كوڕه‌وه‌ به‌ ئاگا بێن ژیانی هاوسه‌رگیریان تێكه‌ڵاوی ویست و حه‌زی خزم و كۆمه‌ڵگا نه‌كه‌ن چونكه‌ له‌ كۆتایدا ئه‌و ژیانه‌ی‌ تیایدا ده‌بیت به‌ ته‌نها خۆیان و هاوسه‌ره‌كه‌یانن له‌ ماڵێكدا و له‌ ژێر بنمیچی ژورێكدا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و كه‌سی دیكه‌یان له‌گه‌ڵ نابێت.