زایەڵە - وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، دەرماڵەی تایبەت لە بڕی کەمئەندامی کە بە فەرمانبەران دەدرێ، ڕێگر نابێ لەوەی دەرماڵەی تریش بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج بکرێ.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە ڕێنوێنی دارایی و ڕۆژی 2ی6ی 2022دەرچووە ، ئاماژە بەوە کراوە بەپێی یاسای چاکسازی، دەرماڵەی تایبەت لەبڕی کەمئەندامی دەدرێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو ، دەرماڵەی تایبەت لە بڕی کەمئەندامی کە دەدرێتە فەرمانبەران نابێتە ڕێگر لە خەرجکردنی دەرماڵەی تایبەتی تر بۆ ئەو توێژە.
پاڵپشت بە یاسای چاکسازی، لە25ی1ی2022، وەزارەتی دارایی لە ڕێنوێنییەکدا بڕیاری دا بە دیاریکردنی دەرماڵە لەبری کەمئەندامی، بە ڕێژەی 50%ی مووچەی بنەڕەتی، بەمەرجێک لە 100 هەزار دینار تێپەڕ نەکات.
یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، ڕاگەیاند ، دەرماڵە لەبری کەمئەندامی، کە لە یاسای چاکسازیدا هاتووە،دەرماڵەیەکی جێگیر دەبێت و تایبەت بەو فەرمانبەرانە دەبێ کە مووچەی کەمئەندامیان هەبووە، ئەو دەرماڵە کە دەدرێ، کاریگەری لە هیچ دەماڵەیەکی تر نابێت .
جەختی کردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی دەرماڵەکەیان پێدەدرێ، دەتواندرێ دەرماڵەی تریش کەمافی خۆیان بۆیان خەرج بکرێ و هیچ ڕێگرییەک نیە، دەرماڵەی لەبڕی کەمئەندامی تەنها بۆ ئەوەیە کە لەبڕی ئەوەی بچن وەکوو پێشتر لە بانک مووچەی کەمئاندامی وەربگرن بۆیان دەخرێته سەر مووچەکانیان و جێگیر دەکرێ .
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی، روونی كردەوە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی نووسراوی پشتگیری ئاراستەی ئەم لایەنانە دەکات، کە فەرمانبەری کەمئەندام لەلایان فەرمانبەرە، بۆ ئەوەی وەکوو دەرماڵە لەبری کەمئەندامی، لەگەڵ مووچەکەی بۆی ببەسترێت.
کامەران کەریم