زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 7-6-2022، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و دیداری سیاسی گرنگ گەیشتە بەغدا، لە سەردانەكەشیدا، لەگەڵ نوری مالكی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق كۆبووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیای فەرمیی، یەکێتی؛ گفتوگۆی دۆخی سیاسی و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق و چەند پرسێكی دیكە لە دیدارەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی كرا.
هاوكات بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پیشوازی لە رەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون و موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی عەزم و وەفدی نوێنەرانی پەرلەمانتارە سەربەخۆكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كرد و جەختیان لە پەنابردن بۆ ھەنگاوە دەستوورییەكان و گەیشتن بە رێككەوتنی سیاسی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و دور لەپەراوێزخستن و چڕكردنەوەی ھەوڵەكان بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان و تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی عیراق لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی بنەما دەستوورییەكان كردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی كۆبووەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون بە وردی بیروبۆچوون لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عیراق و پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرا و كۆبوونەوە ھاوڕابوو كە پەلە بكرێت لە پێكھێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و نیشتمانی كە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و خواستی ئەمڕۆی ھاووڵاتیانی عیراق بێت.
ھەر لەكۆبوونەوەكە دووپاتی چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە بە ھەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرا لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند: پێشھاتەكان و گۆڕانكارییەكان وادەخوازێت ھەموومان پەرۆشی یەكڕیزی نیشتمانی بین و لە خەمی خەڵك و ئارامی سیاسی ھەنگاوی كرداری بنێین لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی نابێتە بەشێك لەپەرتەوازەكردنی عیراقییەكان
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیكرد لە رەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون .
لەكۆبوونەوەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەیبوون بیرورائاڵوگۆڕكرا سەبارەت بە ئاڵنگارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكان و یەكخستنی ھەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق و جەختكرایەوە لە پەنابردن بۆ ھەنگاوە دەستوورییەكان و گەیشتن بە رێككەوتنی سیاسی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و دور لەپەراوێزخستن .
بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیكردەوە: یەكێتی وەك ھەمیشە پەرۆشی یەكخستنی ھێزولایەنە سیاسییەكان دەبێت و نابێتە بەشێك لە پەرتەوازەكردنی زیاتری عیراقییەكان و پەكخستنی پرۆسەی سیاسی و دەمانەوێت پێكەوە ھەموومان حكومەتێكی خزمەتگوزارو چالاك پێكبھێنین كە وەڵامدەرەوەی ئەمڕۆی كێشەو گرفتەكان بێت و بتوانێت پایەكانی دەوڵەتداری بەھێزتربكات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: شەراكەتی راستەقینە لەبەڕێوەبردن و بڕیاری سیاسی پێویستی ئەم ھەلومەرجەیە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازی لە موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی عەزم كرد و لە كۆبوونەوەیەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون دۆخی گشتی سیاسیی وڵات و یەكخستنی ھێزو تواناكان بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق تاووتوێكران و جەختكرایەوە لە چڕكردنەوەی ھەوڵەكان بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان و تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی عیراق لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی بنەما دەستوورییەكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی لەخواستی یەكێتی كردەوە بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی نیشتمانی بۆ پێكھێنانی حكومەتی خزمەتگوزار و راشیگەیاند پەنابردن بۆ شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاری سیاسی لە عیراقدا پێویستییەكی ئەم ھەلومەرجەیەو دۆخی وڵاتیش بەرەوە سەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەبات كە ئەمە خواستێكی جەماوەریی ھەمەلایەنەیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵی بونیادنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار دەدەین
هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازیكرد لە وەفدی نوێنەرانی پەرلەمانتارە سەربەخۆكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لەكۆبوونەوەیەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، وەفدی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ھەرێم و دەرئەنجامی دیدار و گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنەكانی ھەرێم و عیراق، دەستپێشخەرییان بۆ رزگاربوون لە قەیران و ئاستەنگەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عیراق خستەڕوو و داوایان لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد رۆڵێكی گرنگ و كاریگەری وەك سەرۆك مام جەلال بگێڕێت لەهێنانەكایەی زەمینەیەكی لەبار و گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی حەكیمانە.
راشیانگەیاند: بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێگەیەكی گەورە و كاریگەریان هەیە لە كۆكردنەوەی دژەكان و دەربازكردنی عیراق لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی تێیكەوتووە.
لەبەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان بۆ وەفدی میوان روونكردەوە و رایگەیاند: ئامانجی ئێمە روون و ئاشكرایە و هەوڵەكانمان لەپێناو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنێكی نیشتمانییە لەپێناو بونیادنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار كە عیراق بەرەو كەناری سەقامگیری ببات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی و قەیس خەزعەلی ھەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی سیاسی عیراق دەكەن
لە درێژەی كۆبوونەوەكانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ھەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی سیاسی عیراق و پەكخستنی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرایەوە و جەخت لە خستنەگەڕی ھەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك كرایەوە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر.
لە كۆبوونەوەكەدا بەردەوامی گفتوگۆكان و هەوڵدان بۆ كاری پێكەوەیی جەختی لێكرایەوە بەشێوەیەك كە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی عیراق بكات.
هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، ٧ حوزەیرانی ٢٠٢٢ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەنا سامەڕائی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی گشتیی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوەكرا و رێگا چارەكان بۆ بارودۆخێكی باشتر بە بەشداری ھێزە نیشتمانییەكانی دیكە خرایەروو.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە داوایانكرد كە پێویستە حكومەت ئەركەكانی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە ھاووڵاتیان و ھەوڵی باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لە ھەموو وڵات بدات.
لایەنەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە ھاوڕابوون لەسەر بایەخی ھاوئاھەنگیكردنی ھەڵوێستەكان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەو پیلانانەی ھەڕەشە لە سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی دیموكراسی لە وڵات دەكەن.
ھەروەھا جەختكرایەوە لەسەر پێویستی بەردەوام بوونی ھەوڵەكان بۆ بەدیھێنانی كارە لە پێشینەكان لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز كە توانای ئەنجامدانی چاكسازی ھەمەلایەنەی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت ھەبێت و زامنی مافی ھەموو رۆڵەكانی گەلی عێراق بكات بە پێی یاسا و دەستوور.ا