زایەڵە - وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان راگەیەندراوێکی لەبارەی درامای تورکی 'گورگی تەنیا' بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو درامایە بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات،
وەزارەتی رۆشنیبری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە درامای گورگی تەنیادا لە چەندین شوێندا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات، دەشڵێت، "ناڕەزایی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و کەناڵی پەخشکەر."
 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان باسی لەوەشکردووە، درامای گورگی تەنیا باس لە مێژووی تورکیا و شەڕی پەکەکە دەکات و لە کەناڵێکی تورکی پەخش دەکرێ بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكومەتی توركیایە و (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان نووسیوە.
لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا رادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشدا.
دەشڵێت، "بۆ نموونە لە ئەڵقەی (١٩) کە رۆژی ٣/٦/٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و و موسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم دەشڵێت، "ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو راستییانە و زیانیان پێدەگەیەنێت و دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەک رەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزارەتی رۆشنبریری و لاوان ئومێدەوارن حكومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ کە لەلایەن هەندێک خەڵکی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دراماکە و چەندینی دیکەی هاوشێوە بۆ رازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی سێی ئەم مانگە ئەڵقەی درامایەکی تورکی پەخشکرا کە لە دیمەنێکیدا سوکایەتی بە حکومەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هیچ حکومەتێک بە ناوی هەرێمی کوردستان بوونی نییە، بەڵکو باکوری عێراق هەیە".
لە بەشێک لە گرتەی دراما تورکییەکەدا، لە دادگایەکی هەرێم ئەندامێکی دەزگای سیخوڕی تورک دادگایی دەکرێت و هاوڵاتییەکە بە دادوەرەکە دەڵێت، کەرکوک و موسڵ موڵکی ئەوانە و گەورەترین شەقامی هەولێر بە ناوی "سوڵتان موزەفەر"ە کە هی تورکمانەکانە.
دەشڵێت، ئێوە هیچ نیین و ئەمریکا پشتیوانیتان دەکات و رۆژێک دێت بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی لە پێکهاتەکانی ترتان کردووە حەق و حسابتان لەگەڵ دەکرێت.
هاوڵاتییە تورکەکە لە کاتی دادگایی کردنەکەیدا لە هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، حکومەتی هەرێم داشی دامەی ئەمریکایە و هەر رۆژێک کاری پێتان نەما فڕێتان دەدات.
ئەوەش دەخاتەڕوو، هیچ حکومەتێکی بە ناوی هەرێمی کوردستان بوونی نییە، بەڵکو باکوری عێراق هەیە و گەر تاوانێکیشی کردبێ دەبێت لە دادگای عێراق یاخود تورکیا دادگای بکرێت.