زایەڵە - شەماڵ ئەحمەد لایەنەکانی کشانەوەی ڕەوتی سەدر کە پڕۆسەی سیاسی عێراقی لێکدایەوە.
شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ لەوتووێژی لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، کشانەوە بەتامی سەرکەوتن سەبارەت بە کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی و دەنگگۆیەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکان بۆ بەشداریپێکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن یەکێتییەوە، ئەم تێبینییانە پێویستن، یەکەم، کشانەوەی ڕەوتی سەدر بەمانای شکستی ئەو ڕەوتەنایەت، بەڵکو مانای دەستگرتنە بەو بەڵێن و پرنسیپانەی کە بانگەشەی بۆ کردوون و باوەڕیان پێی هەیە وەکو عەرەب دەڵێت (ٳستراحة المقاتل- حەوانەوەی جەنگاوەرە) ئەم تەکنیکە چەندین سوودی هەیە لەڕووی ڕاگەیاندن و خۆسەلماندن و جوڵەپێکردنی شەقام.
دووەم، ئەم جوڵەیەی ڕەوتی سەدر سەلمێنەری نیشتمانیبوونی ڕەوتەکە و ڕابەرەکەیەتی، بەتایبەتی کە پێشتر باس لە ئەجنداکانی تورکیا و ئیمارات و سعودیە دەکرا لەڕێگای ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی سێ قۆڵییەوە دەکرا.
وتیشی؛ سێیەم، بڕوابوونی ڕەوتەکەیە بەئازادی مانەوەی هاوپەیمانەکان یان وەرگرتنی هەڵوێسێکی دیکە و بەڵگەش ئەوەیە کە بە تەنیا لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کشاوەتەوە و وەکو هەواڵەکان دەڵێن پرسی بەهاوپەیمانەکانی نەکردووە، ئەمە لایەنی ئەرێنی ونەرێنی هەیە، بەڵام بۆ ڕەوتەکە لە بێژەنگدانی دۆست و نەیارەکانە. چوارەم تاکتیکێکی نوێی گرێدانی بەرژەوەندی و پرنسیپەکانە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم