زایەڵە – مووشەکێک کاژێر ١١ی سێشەممەشەو لە گەڕەکی سمریتی سەنتەری قەزای شێخان کەوتە خوارەوە و زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
 سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مووشەکەکە نزیک 100 مەتر لە ماڵەکان کەوتە خوارەوە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."
 لەبارەی ئەوەی مووشەکەکە لە کوێوە ئاراستە کراوە، قایمقامی شێخان باسی لەوە کرد، مووشەکەکە لە باشووری شارەکەوە ئاراستە کراوە.
  لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک مووشەک ئاراستەی سەربازگەیەکی سوپای تورکیا لە سنووری شێخان کراوە.
رۆژی هەینی 17-06-2022، محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زیلکان لە سنووری قەزای شێخان ڕایگەیاند، دوو مووشەک ئاراستەی سەربازگەی تورکیا لە زیلکان کراون و لە دەورووبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە. گوتیشی، هیچ زیانێکیان نەبووە.