زایەڵە - وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ئامادەكاریەكانی بۆ تاقیكردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی كردووە، كە ١٠٧هەزار و ١٣٠ خوێندكار تێیدا بەشداری دەكەن.
لەبارەی تاقیكردنەوەكانەوە سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، رۆژی دووشەممە ٢٧-٦-٢٠٢٢، تاقیكردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەبەشداری ١٠٧ هەزار ١٣٠ خوێندكاری سەرجەم بەشەكان بەڕێوەدەچێت و ئامادەكاری پێویستمان كردووە بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەسەر كەوتوویی بەڕێوەبچێت.
لای خۆشیەوە نوردین عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان رایگەیاند ، تاقیكردنەوەكان سەعات ٧:٣٠ دەقیقە دەست پێدەكەن و پێویستە خوێندكاران پێداویستییە سەرەكییەكان لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە .
هەر لەوبارەیەوە هەردی مەعروف بڕیاردەری لیژنەی باڵای ئەزمونەكان ئەوەی خستەروو، هەموو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بە پێی ژمارەی خوێندكاران لاپەرەی پرسیاریان بۆ دەچێت و ناوی چواری خوێندكار لەسەر پەرەی پرسیار نوسراوە، پێویستە خوێندكار ئاگاداری ناوی تەواوەتی خۆی بێت.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم