زایەڵە -  35 ساڵ بە سەر کارەساتی دژەمرۆڤانەی بۆردومانی کیمیایی شاری زوڵملێکراوی سەردەشت تێپەڕ دەبێت و بانگەشەکارانی دووڕووی لایەنگری لە مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا بێدەنگن و هیچ کاردانەوەیەکیان لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا نەبووە.

بۆردومانی کیمیایی سەردەشت وەک بەڵگەی زوڵملێکراویی گەلی ئێرانی ئیسلامییە لە بەرامبەر پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕژێمی لەناوچووی بەعس کە کۆمەڵگای جیهانی هێشتا لە بەرامبەر برینداران و بەرکەوتووانی ئەم تاوانە دژە مرۆڤانەیە بێدەنگیی هەڵبژاردووە و ئەمەش مافی خەڵکانێکی زۆری پێشێلکردووە کە لە لایەن ڕژێمی بەعس و هاوپەیمانەکانیەوە زیانیان پێگەیشتووە.

7ی پوشپەڕی ساڵی 1366 ی کۆچی هەتاوی (28 ی حوزەیرانی 1987) ڕژێمی بەعسی عێراق بە بۆمبی کیمیایی چوار شوێنی قەرەباڵغی شاری سەردەشتی لە 160 کیلۆمەتریی باشوری ورمێ بۆردومان کرد و لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا 119 کەس لە دانیشتووانی سڤیلی شارەکە شەهید بوون و زیاتر لە 8 هەزار کەسیش وەک بەرکەوتەی گازە کیمیاییەکانن.

بۆردومانی کیمیایی سەردەشت دڕندانەترینی بۆردومانەکانی جیهان بووە کە ئاسەوار و کاریگەریی هێشتا بە سەر ژیان و تەندرووستیی ئەم خەڵکەوە ماوەتەوە و ئەم شارەی کردووەتە یەکەم شاری قوربانیی چەکە کیمیاییەکان لە جیهان پاش بۆردومانی کیمیایی هێرۆشیما.

پاش ئەم بۆردومانە کیمیاییەش، بەشێکی زۆری خەڵک کە هیچ زانیارییەکیان لەم جۆرە بۆمبە قەدەغەکراوانە نەبووە، بۆ هاوکاریکردنی و بەهاناچوونی لێقەوماوانی بۆردومانەکەوە گەیشتنە شوێنی کارەساتەکە، ئەمەش وایکرد کە ژمارەی بەرکەوتووانی گازە کیمیاییەکان لە سەردەشت زیاتر بێت.

35ساڵ بە سەر ئەم کارەساتە تاڵەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سەردەشت بە دەست ئێش و ئازاری ئەم بۆردومانەوە دەناڵێنن، ئەوانەش کێشەی هەناسەیان هەیە، لە نێوان ژیان و مردندا کاریگەری تاوانەکەی بەعسیان بە سەرەوە ماوە.

قەزای سەردەشت 160 هەزار کەس دانیشتووی هەیە، لە باشوری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێرانە، 4 شار و 6 شارۆچکە و 228 گوندی هەیە و لە گەڵ وڵاتی عێراقیش (هەرێمی کوردستان) 100 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی هەیە.