زایەڵە - وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ بڕی 187ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەو چاککردنی تونێلی دەربەندیخان تەرخان دەکرێت.
وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە ڕایگەیاند، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و دوای ئاراستەکردنی نوسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) و بەئیمزای وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی (187.828.000)ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن ونۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. بەمەبەستی چاککردنی تونێلەکەو کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.
هاوکات لە مانگی نیسانی رابردو لەمیانی بەسەرکردنەوەی تونێلەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەک پلانی خێرا هەوڵدەدەن بەزوترین کات تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەمانکات رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوەو بڕیاردراوە کە لیژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دوەمی دەربەندیخان.
ئامادەکردنی-کامەران کەریم