زایەڵە - مەسرور بارزانی رایدەگەیێنێت، "داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کرد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک."

 مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 30-06-2022  لە پەیامێکدا لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت رایگەیاند، داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە شوێنەکانی چەکفرۆشتن دابخرێن، "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانیی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت رادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت. دواتر بەپێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک رێک دەخرێتەوە."

 هەروەها سەرۆک وەزیران داوا لە دادگەکان دەکات "چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشیان دەکەمەوە کە بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاریان دەبین."

 پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا شەش کەس لە هەرێمی کوردستان بە چەک کوژراون. کوژراوەکان چواریان لە هەولێر، یەکێکیان لە سنووری دهۆک و یەکێکیشیان لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی بوون.