زایەڵە - سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، تا ئێستا 90 هه‌زار و 162 كه‌س فۆڕمیان بۆ وه‌رگرتنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبون پڕكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی دو ساڵی ئاینده‌دا دروستده‌كرێن، ده‌شڵێت، هه‌وڵیش ده‌درێت پێشه‌كییه‌كی كه‌م له‌ به‌شداربوان وه‌ربگیدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركیان قورس نه‌بێت و مانگانه‌ش به‌ دینار قیسته‌كانیان لێوه‌رده‌گیردرێته‌وه‌.

محەمەد شوکرى، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی كوردستان، رایگه‌یاند، ئەو 20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبونه‌ی له‌ كوردستان دروستده‌كرێت سه‌رجه‌میان به‌یه‌ك شێوه‌ دروست ده‌كرێن و داوا له‌ شاره‌وانییه‌كان كراوه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی ته‌رخانده‌كرێت بۆ پڕۆژه‌كان له‌ نزیكی خزمه‌تگوزاریه‌كان و نزیكی رێگاكان بێت .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ورده‌كاری له‌باره‌ی نرخی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبون له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ وردی باسی پێشه‌كی و قیستی مانگانه‌ تیایدا ده‌كه‌ن، تا ئێستا 90 هه‌زار و 162 كه‌س فۆڕمیان بۆ وه‌رگرتنی یه‌كه‌كان پڕكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ 80 هه‌زار و 494 كه‌س خێزانن و نۆ هه‌زار و 675 كه‌س ئه‌وانه‌ن كه‌ هاوسه‌رگیریان نه‌كردوه‌ یان جیابونه‌ته‌وه‌.

محەمەد شوکرى باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ فۆڕمه‌كه‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ پێویسته‌ ته‌مه‌نیان له‌ 30 ساڵ زیاتربێت و ئه‌وانه‌شی كه‌ هاوسه‌رگیریان نه‌كردوه‌ "سینگڵن" ته‌نها ده‌توانن داوای ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبونانه‌ بكه‌ن كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی 80 مه‌تره‌.

وتیشی، پێشه‌كی له‌و كه‌سانه‌ وه‌رده‌گیرێن كه‌ سودمه‌ند ده‌بن، به‌ڵام رێژه‌یه‌كی كه‌م دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌شداربوه‌كه‌ دروستنه‌كات و هه‌میش بتوانین به‌ پشتیوانی حكومه‌ت پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستپێبكه‌ین و یه‌كه‌كان دروستبكرێت و هه‌وڵده‌درێت به‌ دینار پاره‌كه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌ربگیدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بارگرانی بۆ خه‌ڵك دروستنه‌كات و له‌ ماوه‌ی دو ساڵیشدا پڕۆژه‌كان ته‌واوده‌كرێن .

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، رێكخراوی كوردستان بۆ چاودێریكردنی كواڵێتی له‌گه‌ڵمان كارده‌كه‌ن و هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی دێنه‌ كوردستان و چاودێری پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن تاوه‌كو به‌ سه‌ركه‌وتویی به‌ باشی كوالێتی ته‌واو بكرێت، وه‌به‌رهێنه‌ران داوایان پیشكه‌شكردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ و قسه‌شمان له‌گه‌ڵ بانكه‌كان كردوه‌ و ئه‌وانیش داواكاریان هه‌یه‌ .

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبونی خۆیان هه‌یه‌ به‌ڵام فۆڕمیان پڕكردوه‌ته‌وه‌، باسی له‌وه‌كرد، "لیژنه‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌ له‌ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كه‌ به‌دواداچون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات ده‌بێت ئه‌وانه‌ی 100% شایسته‌ن سودمه‌ندبن له‌ پڕۆژه‌كه‌ و له‌ رێگه‌ی ئێوه‌شه‌وه‌ داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ موڵكیان هه‌یه‌ خۆیان له‌ پڕۆژه‌كه‌ بكشێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شایسته‌تر سودمه‌ندبن .

ئامادەکردنی- کامەران کەریم