زایەڵە - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مێهدی شووشتەری سەركونسووڵی ئێران لە سلێمانی پێشوازیان لە فیلمی سینەمایی بێنیشتمان لە دەرهێنانی توورج ئەسڵانی كرد.
نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی بێنیشتمان "بی سرزمین" Landless لە نووسین و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد توورج ئەسڵانیە و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد مووڤی MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی رەز هەڵكەوت رەشید لە هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێك لە ستافی سەرەكییەكەی لەوانە: توورج ئەسڵانی، رەز هەڵكەوت رەشید، هانی موجتەهیدی، شوان عەتووف، رێكێش شەهباز، نارین محەمەدی و هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مێهدی شووشتەری سەركونسووڵی ئێران لە سلێمانی، داوود حەسەن پوور راوێژكاری كەلتووری سەركونسوولی ئێران لە سلێمانی، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەیلا عەلی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، عەبدولی حەمە جوان ئەكتەری ناوداری شانۆ، سینەما و تەلەفیزیۆن، نەجات عەبدوڵڵا راوێژكاری كەلتووری جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەندین كەسایەتی دیكە لە سەعات 9ی شەوی شەممە 2ی جوولای 2022 لە هۆڵی سەرەكی سیتی سینەما لە سلێمانی پایتەختی كەلتووری و هونەری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و لەلایەن بینەرانی ئامادەبوو لەم هۆڵە 600 كەسییە پێشوازییەكی بێوێنەی لێكرا.
نمایشی گشتی بێنیشتمان بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستی پێكردووە و لە رۆژانی داهاتوو و لە درێژەی نمایشەكەی سینەما ئێمپایری فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر، لە سینەما دهۆك مۆڵ لە شاری دهۆك و لە سینەما تایم سەنتەر لە شاری كەركوك لە هەرێمی كوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لە گرینگترین شارە عەرەبییەكان وڵاتی عیراق نمایش دەكرێت.
لە بێنیشتمان سێیەمین بەرهەمی سینەمایی توورج ئەسڵانی دا، كۆمەڵێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی وڵاتانی توركیا، سوریا، عیراق و هەرێمی كوردستان، بە چوار زمانی كوردی، توركی، عەرەبی و فارسی لەگەڵ هانی موجتەهیدی ڕۆڵیان بینیووە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت كاسێر، رێكێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاكرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسك رەحیم زادە، هاكار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدولكەرەم ئەبوبەكر، رواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ رەفیق، هەورامان و چەندین ئەكتەری دیكە.
ئەم بەرهەمە سیەنەماییە لە یەكەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی ئاسۆی سینەمای جیهان لە 33هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەكۆئێست Cinequest لە وڵاتی ئەمەریكا لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆكانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێكراوی ئاكادیمیای ئۆسكار نمایش كرا.
بێنیشتمان لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەكانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی لەهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك Duhok لە هەرێمی كوردستان و هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رێگای هەوریشم Silk Road لە شاری فوژە لە وڵاتی چین نمایش كرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم رووداوە سینەماییەوە خەڵاتی دەرهێنەری نوێخواز و هەروەها تەندیسی رێگای هەرێشمی زێڕین بە توورج ئەسڵانی دەرهێنەری ئەم بەرهەمە كوردییە بەخشرا.