زایەڵە - شاندی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكانی زانكۆكانی سلێمانی و پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دیدار کرد.

زاینی مه‌هدی قه‌لعه‌نویی سه‌رۆكی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران كه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له‌ رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی بازرگانی و خانه‌ی نوێگه‌ری و ته‌كنه‌لۆجیای ئێران له‌ سلێمانی سه‌ردانی ئه‌م شاره‌ی كردبوو، پێش نیوه‌ڕۆی چوارشه‌مه‌ 6 ی ته‌مووزی 2022 به‌ جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ د. كۆسار محمد علی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و د. هوشیار عبدالله عزیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆبوویه‌وه‌.

 له‌م دیدارانه‌دا كه‌ مه‌هدی شوشته‌ری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی ئاماده‌ی بوو، ده‌رباره‌ی رێگاكانی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ زانستی، زانكۆیی و ته‌كنه‌لۆجیاكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و زانكۆی سلێمانی و پۆلیته‌كنیكی سلێمانی گفتوگۆ و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

 سه‌رۆكی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژه‌ی به‌ كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی بازرگانی و خانه‌ی نوێگه‌ری و ته‌كنه‌لۆجیای ئێران له‌ سلێمانی كرد و ئاماده‌یی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ هاوكاری له‌ بواری فێركردنی مامۆستایان، خوێندكاران و پسپۆڕان و هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی زانستی ته‌كنیكی و ئه‌زمونه‌كانی خۆیان له‌ بواری ئابووری دانش بونیان (بنه‌ما زانستی) بۆ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م زانكۆیانه‌دا ده‌ربڕی.

 شایانی باسه‌ له‌ دانیشتنه‌كان دا وته‌ و پێشنیاره‌كانی به‌ڕێز قه‌لعه‌نویی له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكانه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا.