زایەڵە - كڵاودیۆ كۆردۆنی، له‌ شوێنی خاتوو ئینگیبێۆرگ سولرون وه‌ك جێگری نێرده‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق ده‌ستنیشان دەکرێت.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرش، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە راگەیەنراوێکدا كڵاودیۆ كۆردۆنی، وه‌ك جێگری جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق ده‌ستنیشانكرد.

ئاماژەی بەوە کرد، كۆردۆنی به‌ ره‌گه‌ز ئیتاڵی وه‌ك جێگری پلاسخارت بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق، له‌ شوێنی خاتوو ئینگیبێۆرگ سولرون، به‌ره‌گه‌ز ئایسله‌ندی، دیاریكرا.

کۆردۆنی ئه‌زموونی 35 ساڵه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مافی مرۆڤدا هه‌یه‌، پێشتر وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ كه‌مپێكی فه‌له‌ستینی له‌ لوبنان تا ساڵی 2017 كاری كردووه‌.

كڵاودیۆ كۆردۆنی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی یاسایه‌ له‌ زانكۆی ساپینزا له‌ رۆما، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ریشه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ زانكۆی جۆرج واشنتن، به زمانه‌كانی ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی، ئیتاڵی و عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كات.