زایەڵە - به‌ به‌شداری جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئیداره‌كه‌ی، به‌رپرسانی ئاژانسی نیشتمانی بۆ فڕینه‌كانی بۆشایی ئاسمانی ئه‌مریكا (ناسا) یه‌كه‌یمن وێنه‌ی تێلسكۆپی جه‌ێمس وێب-ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كەم وێنه‌ی گه‌ردونه‌ و گەلە ئەستێرەیەکی بە نێوی (SMACS 0723) و بۆ پێش 13 ملیار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا دەگەڕێتەوە.
بێڵ نێڵسن، به‌رپرسی یه‌كه‌می ده‌زگای ناسا رایگه‌یاند، به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ وێنه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی جه‌یمس وێب، ئێستا له‌ یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتن گه‌ردون و دروستبونی ده‌ڕوانین كه‌ وێنه‌كه‌ 13 ملیار ساڵ به‌ر له‌ ئێستای گه‌ردونمان نیشان ده‌دات بەتایبەتێش گەلە ئەستێرەی (SMACS 0723).
وتیشی، "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئێستادا لێیده‌ڕوانین، بریتیه‌ له‌ وێنه‌ی گه‌ردون به‌ر له‌ 13 ملیار و 500 ساڵ پێش ئێستا، ئێمه‌ ئێستا له‌ چركه‌ساته‌كانی سه‌رتای دروستبونی گه‌ردونه‌وه‌ نزیكین".
به‌رپرسی ناسا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئێمه‌ ئیدی لێره‌وه‌ پرسیاره‌ بێوه‌ڵامه‌كان وه‌ڵامده‌ده‌ینه‌وه‌ و بۆ ئه‌و هه‌سارانه‌ ده‌گه‌ڕێین كه‌ بۆ ژیانكردن ده‌ست ده‌ده‌ن و پانتاییه‌كی گه‌ردونی زۆر خێرا ده‌بڕین به‌ به‌راورد به‌ چه‌ند ده‌یه‌ به‌ر له‌ ئێستا".
BBC بڵاوی کردەوە ئه‌ركی ئه‌م تێلسكۆپه‌ بریتییه‌ له‌ دیاریكردنی ئه‌و هه‌ساره‌ دور مه‌ودایانه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی كاكێشانه‌وه‌ دورن و ئه‌ركی دوه‌میشی بریتییه‌ له‌ پیشاندانی یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنی گه‌ردون.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، جه‌یمس وێب به‌ پڕۆسه‌یه‌كی زۆر زانستیانه‌ وه‌ڵامی چۆنیه‌تی ئه‌م كاره‌ ئاشكرا ده‌كات، به‌شێوازێكه‌ یه‌كه‌م نزیكه‌ی 8 خوله‌ك ده‌خایه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی روناكی خۆر بگات به‌ ئێمه‌ و درك به‌ بونی خۆر بكه‌ین، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بێتو خۆر له‌به‌ر چاوانمان ون ببێت ئه‌وه‌ ماوه‌ی 8 خوله‌كی پێ ده‌چێت تا درك به‌و كاره‌ بكه‌ین، بۆیه‌ كاتێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ تاماشای یه‌كێك له‌ روناكییه‌كانی نزیكترین ئه‌ستێره‌ ده‌كه‌ین و له‌ ئاسمان ده‌یبینن، ئه‌وا نزیكه‌ی 4 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ئه‌و روناكییه‌ی ده‌ركردوه‌ و ئێستا ئێمه‌ له‌ شه‌واندا ده‌یبینین، ئه‌ركی جه‌یمس وێبیش بریتییه‌ له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ودایه‌ و یه‌كەمین ئه‌ستێره‌ كه‌ روناكی به‌ره‌و كۆمه‌ڵه‌ی كاكێشان ناردوه‌ نزیكه‌ی تلریۆنان ساڵی ده‌وێت تا ده‌گاته‌ ئێمه‌ و ئه‌گه‌ری بینینیش ئه‌سته‌مه‌، بۆیه‌ به‌ هۆی جه‌یمس وێبه‌وه‌ ده‌توانین به‌ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك یه‌كه‌مین پرشنكدانه‌وه‌ی گه‌ردون ببینی و به‌و شێوه‌یه‌ش وه‌ك وابێت له‌ یه‌كه‌مین ساتی دروستبونی گه‌ردونمان روانیوه‌.