تورکیاو ستراتیژی داگیرکردنی کوردستان / سۆزان حەمەتاتە

(0) / / مقالە / زایەڵە سۆزان حەمەتاتە تورکیا داگیرکاری


Jul 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وردە وردە ڕوونتر دەبێتەوە، کەوا تورکیا ستراتیژی داگیرکردنی کوردستان یان خنکاندنی ھەیە، دواین ئاماژە بۆ ئەوە تۆپبارانی گەشتیارانی عێراق بوو لەسنووری پارێزگای دھۆک کە زیانی مادی‌و گیانی زۆری لێکەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەنزیک‌و دووردا کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەمەش زیانی زۆری بۆ ناوبانگی عێراق‌و کوردستان دەبێت.

دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی سوپای تورکیا ئەنجامیدا، پێویستی بەکاردانەوەی خێرا، ھەروەھا بەبەرنامەش ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان‌و عێراق، ھەروەھا نوێنەری ھەمیشەیی عێراق لەنەتەوەیەکگرتووەکان پێویستە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات بۆ سەرکۆنەکردنی تورکیاو کارە دڕندانەکانی، ھەروەھا گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ ڕێگرتن لەدوبارەبوونەوەی، لەگەڵ ئەوەشدا ناچارکردنی تورکیا بەقەرەبووکردنەوەی شایستەی قوربانییەکان‌و داوای لێبووردن کردن لەگەل‌و حکومەتی ھەرێم‌و عێراق کەوا ئەگەر تورکیا ناچارنەکرێت‌و فشاری زۆری لەسەرنەکرێ، ئامادەنییە ئەوکارانە بکات.

تورکیا بوونی پەکەکەی کردووەتە بیانوو بۆ داگیرکردنی خاکی ھەرێمی کوردستان، ئەوە ھۆکارە ڕاستەقینەکە نییە، ئەگینا بۆ تۆپبارانی ناوچەیەکی گەشتیاریی دەکات‌و خەڵکی سڤیل دەکاتە قوربانی، پەکەکە چی ئیشی بەگەشتوگوزار ھەیە.

پەرلەمانی عێراق‌و کوردستان‌و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەرکی لەپێشینەیان ئەوەیە باڵیۆزو کونسوڵی تورکیا بانگھێشتبکەن‌و بەڕوونی‌و توندی کۆمەڵکوژی سوپای تورکیا سەرکۆنە بکەن‌و ھێڵی سوریان بۆ دابنێن‌و دەشکرێ بۆ ماوەیەک تا چارەسەر بۆ دۆخەکە دەدۆزرێتەوە، پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان لەگەڵ تورکیا ڕابگرن.

سەدان بەڵگەو ئاماژە بۆ ئەوە ھەیە، کەوا تورکیا ستراتیژی داگیرکردن‌و خنکاندنی ھەرێمی کوردستانی ھەیە، ئەگەر ڕێگە لەو ستراتیژە نەگیرێ، بێگومان کوردستان وردە وردە داگیردەکرێ، بەڵام ھێشتا دەرفەت بۆ ڕێگەگرتن لەو خەونەی تورکیا ماوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی