گلەیی لە "طیف سامی" مەکەن، لێپرسینەوە لە شاندەکەی هەرێم و بەرپرسانی حکومی و پەرلەمانتارە کوردەکانی عێراق بکەن / بڵند دلێر شاوەیس

(0) / / مقالە / زایەڵە تەیف سامی طیف سامی


Feb 01, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - گرفتەکانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک قوڵبونەتەوە هیچ چارەسەرێک بەدی ناکرێت، هەر بڕیارێک دەدرێت و هەر هەنگاوێکیش دەنرێت ئەوەندەی دیکە ئەم هەرێمە بەرەو چارەنوسێکی نەخوازراو دەبات.

جێی نیگەرانییە دۆخەکە گەیشتە ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەمێنێت.

بەداخەوە دوای ئەو هەموو هەڵە ستراتیژیە و ئەو هەموو بێ منەتی و گوێنەدان بە پێشنیار و دیدگای خەڵکانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر و هۆشداری دۆستەکانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، ئێستاش هەنگاوەکان بەرەو ئاڕاستە ڕاستەکە نییە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک تا بە کەمترین زیان لێی دەرچین.

لەبری ئەوەی پیاچونەوە بەکۆی پرسەکان و دیاریکردنی هۆکاری شکستەکان و لێپرسینەوە لەکەمتەرخەمەکان بکرێت بە هەمان شێوازی ڕابردوو پاساوی بێ بنەما و بەخشینەوەی تۆمەت و هەوڵی خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی دەدرێت.

ئەدی خۆمان ڕۆڵمان چییە؟ سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو هەموو بەرپرس و شاندی دانوستانکارەی گوایە پسپۆڕ و شارەزای ئابووری و یاسایین و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو هەموو وەزیرە کوردە لە بەغدا چی دەکەن؟!.

- ناکرێت لەهەمو گێمەکاندا دۆڕابین و کەمتەرخەمی بخرێتە سەرشانی بەرامبەرەکەمان.

- ناکرێت سەرکردایەتی سیاسی کورد ڕازی بێت بەوەی بگوترێت بەغدا داگیرکەرە لەکاتێکدا کورد لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری فیدراڵدا پشکی هەیە!.

- ناکرێت بەدادگای فیدراڵی بگوترێت نادەستورییە بەڵام حکومەتی هەرێم بچێت داوا لەبەردەم ئەو دادگایە تۆمار بکات !.

- ناکرێت ئەو هەموو شاندی دانوستانکار و بەناو پسپۆڕ و شارەزای ئابووری و یاساییە بچن ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی بکەن و هەموو مەلەفەکانی نەوت و غاز و دارایی و ئابووری تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵ بکەن و بڵێن حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت هەرێم بچوک بکاتەوە!.

- ناکرێت ئەو هەموو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بەیاسای بودجە بدەن کە سەرجەم مادە و بڕگەکانی لە زیانی هەرێمە، بە بێ ئەوەی سەرکردایەتی کورد بەدواداچون بکات !.

- ناکرێت ئەندامی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق عەرەبی نەزانێت و دەنگ لەسەر یاسای بودجە بدات و دواتر بگوترێت وەزیری دارایی عێراق(طیف سامي) دژایەتی هەرێم دەکات و پارە نانێرێت !.

بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣و٢٠٢٤و٢٠٢٥)، ھەرێمی کوردستان تەواوی مەلەفی نەوت و غاز و مەلەفی دارایی و ئابووری تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵی کرد و ئەم زیانانەی کرد:

١- هەرێمی کوردستان لە کەسێکی (بالغ) و ڕاشدەوە بوو بە کەسێکی ناکام (قاصر)، کەوتە ژێر (وصاية) و(ولاية)ی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ.

٢- حکومەتی ھەرێم شکستی ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند، لەپاڵ مەلەفی نەوت و سامانی سروشتی، مەلەفی دارایی و ئابووریشی تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵ کرد.

٣- پشکی ھەرێم لە (١٧%) کەمبۆوە بۆ (١٢،٦٧%).

٤- دەبێت شایستە داراییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢ پاکتاو بکرێت دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ئەو ماف و پابەندیانەی لە یاسای بودجەی ھەر ساڵێکدا ھاتووە(م ١٢، اولا). 

لێرەدا دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ بە جێگەیاندنی ھەموو ئەو پابەندیانەی دەکەوێتە ئەستۆی لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢.

٥- ھەرێم دەبێت لایەنی کەم (چوار سەد ھەزار بەرمیل) نەوت ڕۆژانە ھەناردە بکات لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە لە بەندەری جیھانەوە ، داھاتەکەشی بخرێتە ناو خەزێنەی گشتی عێراق .

ئەگەر گرفتیش دروست بوو بۆ ھەناردەکردن ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق دەتوانێت بۆ پێویستی ناوخۆ بەکاری بھێنێت یان بەو جۆرەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەکات، (م١٢، ثانیا، أ ، ب).

٦- وەزارەتی دارایی فیدراڵ ھەژمارێک (حساب)ی بانکی دەکاتەوە لە بانکێکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق بۆ داھاتی نەوتی ئەو "کێڵگانەی لە ھەرێمدایە" بە بێ ھیچ لێبڕینێک و ھەموو حسابە بانکییەکانی دیکە دادەخرێت . (م١٣،اولا، أ).

٧- ھەژمارێکی (حساب) دیکە دەکرێتەوە لە بانکێکی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ شایستە داراییەکانی ھەرێم کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە پێی دەدرێت ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم یان ئەوەی (تخویل)ی دەکات سەرپشک دەبێت لە سەرفکردن بە پێی ئەم یاسایە، بەڵام لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت (م١٣ ، اولا، ب).

بەم شێوەیەش ھەرێمی کوردستان وەک وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بگرە بچوکتریش، لەلایەکەوە ھەژمارەکەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە، پاشان (تمویل) کردنەکەی دەبێت لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بکرێت، لەکۆتاییشدا لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت.

٨- دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم چاودێری و وردبینی ھەردوو ھەژمارەکە دەکەن، ئەگەر نەکرا لە ڕێگای کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.... (م١٣، ثانیا). 

٩- لەگەڵ تەواوی داھاتی نەوتی دەبێت ھەرێمی کوردستان داھاتی نانەوتیش بە گوێرەی (قانون الادارة المالیة العراقی رقم ٦ لسنە ٢٠١٩)بدات بە خەزێنەی فیدراڵی، کە دەکاتە نیوەی داھاتی نانەوتی لە باج و رسوماتی فەرمانگە ئیتیحادییەکان لە ڕەگەزنامە و نشینگە...ھتد و بدرێتە حکومەتی فیدراڵ کە پێشتر نەدەدرا بە بەغدا.

ھەروەھا بە پێی مادەی (٢١ ، ثانيا) لە یاسای بودجە، نیوەی داھاتی باج و رسوماتی گومرگەکان و دەروازەکان تەرخان دەکرێت بۆ خزمەتی ئەو پارێزگایەی کە دەروازە سنوریەکەی لێیە و بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و (تمویل)ی پرۆژە بەردەوامەکانی پارێزگاکە، ھەروەھا پێویستە لایەنی کەم (٢٠%) ی ئەو بڕە سەرف بکرێت بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی دەروازە سنوریەکە.

دواتر لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە داتای ئەو داھاتانە دەکرێت (م١٢، ثانيا ،د).

١٠- بە پێی (م١٢، ثانيا ، ھ)کاتێک وەزارەتی دارایی فیدراڵ (تمویل)ی مانگانەی ھەرێم دەکات و شایستە داراییەکانی پێدەدات دوای ئەوەی ھەرێم تەواوی(التزامات) پابەندیەکانی جێبەجێ کردبێت کە لە (م١٢،ثانیا ،أ،ب،ج،د) ھاتووە.

١١- حکومەتی ھەرێم پابەند دەکرێت بە پێدانی موچەی موچەخۆران و خانەنشین، لەگەڵ خەرجکردنی شایستەی وەبەرھێنانی پارێزگاکان بە پێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا ھاتووە، بەپێچەوانەوە دەبێت سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی لە نێویاندا (تمویل) کردنی ڕاستەوخۆ(م١٣، ثامنا ، أ، ب).

واتا پارێزگاکان بۆیان ھەیە بەشی خۆیان لە پشکی ھەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ بێت، ئەمەش حکومەتی ھەرێم دادەماڵێت لە دەسەڵاتە داراییەکانی و پێگەی ھەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی یەکگرتوو لەق دەکات و لەداھاتوشدا ڕەنگە سەربکێشێت بۆ دووکەرتبونی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا مادەی (١١٩)ی دەستوریش ڕێگە دەدات و ڕێکارەکانی دروستبونی ھەرێمی لە عێراقدا دیاری کردووە، ھەر پارێزگایەک یان زیاتر مافی پێکھێنانی ھەرێمی هەیە لە ڕێگای ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر داواکارییەک کە پێشکەش دەکرێت و بەرزدەکرێتەوە لە لایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەو پارێزگایانەی کە دەیانەوێت ھەرێم پێک بھێنن یان یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی ھەر پارێزگایەک کە دەیەوێت ھەرێم پێک بھێنێت.

١٢- حکومەتی ھەرێم پابەند دەکرێت لە ماوەی (٧) ساڵدا قەرزی بانکی (T.B.I) بداتەوە (المصرف العراقي للتجارة) بە شێوەی قیستی مانگانە لە ساڵی (٢٠٢٣) وە (م١٢، ثانيا ، و). بە پێی زانیاریەکان تا (٢٠٢١/٣/٣٠) بریتیبووە لە (٤ ملیار دۆلار).
ئەمەش پرسیار دروست دەکات ئایە حکومەتی ھەرێم پێدانەوەی ئەم ھەموو قەرز و (التزامات) پابەندیانەی پێ جێبەجێدەکرێت ؟.

ئەوەی ڕوونە یاسای بودجە (التزامات) پابەندبوون و مەرجی زۆری سەپاندووە بە سەر ھەرێمی کوردستاندا، بە شێوەیەک تەواوی داھاتی نەوتی و نانەوتی دەبێت بچێتەوە خەزێنەی فیدراڵی و لەوێوە دابەشبکرێتەوە و ھەرێمی کوردستان وەک ھەر پارێزگایەک یان وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە سەرەتاوە ھەردوو ھەژماری داھاتەکەی و شایستە داراییەکانی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە، پاشان لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە (تمویل) دەکرێت، لەکۆتاییشدا لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت. 

هەموو ئەم گرفتانەش هۆکارەکەی کورتبینی و کەمتەرخەمی هەرێم خۆیەتی، نا لۆژیکیە بەغدا تاوانبار بکرێت کە لە بنەڕەتدا لایەنێکی ململانێکەیە و ستراتیژ و ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە و هەموو هەوڵێکی بۆ دەستەمۆکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و خستنەوەیەتی بۆ ژێر ڕکێفی حکومەتی فیدراڵ، لەمەشدا تاڕادەیەک سەرکەوتو بووە.