سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانی کردن لای موسوڵمانان بەشێکە لە نەریتی تایبەت بە جەژن

(0) / / راپورت / زایەڵە ئاژەڵ کوردستان قوربانی


Jun 11, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ لەگەڵ نزیکبونەوەی جەژنی قوربان، سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانی کردن لای موسوڵمانان بەشێکە لە نەریتی تایبەت بە جەژن.

جەژنی قوربان دەکەوێتە دەیەمین ڕۆژی مانگی زولحیجە، ئەم جەژنە دوای تەواوبوونی حەج دێت لە مەککە، بە قوربانیکردنی ئاژەڵی وەک: حوشتر، بزن و مەڕ لە پێناو خوادا.

حیکمەت لە ئەنجامدانی قوربانی زیندووكردنەوەی سوننەتی پێغەمبەر ئیبراهیم-ە (سەلامی خوای لێبێت)، بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری بەرامبەر خوای میهرەبان لەسەر بەخششەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشکردنی كەسوكار، منداڵ و خێزان و دراوسێ و خزمان و هەژارانە بە تایبەتی بە دابەشكردنی گۆشتی قوربانی بە سەریاندا لە ڕۆژانی جەژندا.

زانایانی ئاینی ئاماژەیان بەوەکردووە، باشترین كات بۆ قوربانیكردن بریتیە لە ڕۆژی یەكەم دوای تەواوبوونی نوێژی جەژن.

نیشانەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئاژەڵی قوربانی و گۆشت لە چەند خاڵێکدا ڕووندەکرێتەوە:

1- سەری ئاژەڵەکە بەرز بێتەوە و بەرەو خوارەوە نەبێت
2- چاوەکان پێویستە گەشاوە و بریقەدار بن، هیچ زەردبوون و سووربوونەوەیەکیان نەبێت، هەروەها پێویستە دوور بێت لە فرمێسک و دەردراوی دیکە.
3- هەناسەدانی ئاژەڵەکە دەبێت ئاسایی بێت و تووشی هەناسەبڕکێ و کۆکە نەبێت.
4- دەبێت دەم و زمان، لوتی قوربانییەکە تووشی هەوکردن و دەردراو نەبووبێت.
5-پێویستە مووەکانی لە کاتی دەست لێداندا نەرم و پاکبن.
6-پێستی ئاژەڵەکە دەبێت دوور بێت لە برین و پەڵە.
7- دەبێت ئاژەڵەکە چالاک بێت و ئارەزووی خواردنی هەبێت و تەمبەڵ نەبێت.
8-پێویستە قاچەکان پڕ و بەهێز بن، لاواز نەبن.
9- دەبێت مل و پشت و پێشەوەی سنگ پڕ بێت لە گۆشت، ئێسکەکانی ئەو ناوچانە دیار نەبن لە کاتی دەست لێداندا.
10- دەبێت ڕەنگی گۆشتەکە سوورێکی تێر و پاک بێت.
11- گۆشتەکە دەبێت هیچ پەڵەیەکی شین، سەوز، یان ڕەش یان پەڵەی خوێنبەربوونی سووری لەسەر نەبێت، هیچ بۆنێکی ناخۆش و نەخوازراوی نەبێت.

کامەران کەریم