هەرێمی کوردستان؛ یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

(0) / / راپورت / زایەڵە کەمتەرخەمی ساڵی نوێی خوێندن


Sep 25, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 ھەزار خوێندکار ساڵی نوێی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەستپێبکات و مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێن لەگەڵ یەکەم ڕۆژی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن  بایکۆت و خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە.

بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 25 ئەیلولی 2024، یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنە و دەرگای خوێنگاکان بە ڕووی زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 ھەزار خوێندکاردا لە ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کراوە و ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ دواخستنی ساڵی نوێی خوێندن و ئەو وادەیەی ئەنجومەنی وەزارەت دایناوە پێوەی پابەند دەبن و خوێندن لە کاتی خۆیدا دەستپێدەکات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن  نزیکەی شەش ھەزار خوێندنگە پێشوازی لە خوێندکاران دەکەن و پڕۆسەی خوێندنی تیایاندا ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی خوێندنگەکان، رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە کتێب بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرێت و پۆلەکان جیادەکرێنەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەی داھاتووەوە لە سەرجەم پۆلەکان وانە  دەخوێندرێت.

هاوکات، سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی ڕایانگەیاند، دەسەڵات چێژ لە برسیکردن و کۆیلەکردنی سەردەمییانەی مووچەخۆران وەردەگرێت، داوامان لە مامۆستایان ئەوەیە تا مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دابەشنەکرێت و پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان نەگەڕێتەوە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن بکەن.

مامۆستایانی ناڕازیی ڕایانگەیاند، دەسەڵاتی تاڵانکار و چاوبرسیی وەک 10 ساڵی ڕابردوو چێژ لە برسییکردن و دەوامکردنی بەزۆرەملێ و کۆیلەکردنی سەردەمییانەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هێزە سەربازییەکان دەبیبنێت، هەر بۆیە نایەنە ژێر جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانمان و تەنانەت ئامادە نین کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکەن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی مووچە.

ڕۆژی دووشەممە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دەبێت پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن لە ڕیزبەندی یەکەمی بایەخپێدانی حکومەت بێت بە کردار و کێشەی مووچە بە یەکجاری بنبڕ بکرێت.

دەشڵێت، بە پێویستیشی دەزانن بەرزکردنەوەی مووچە بڕیاری لێبدرێت، چونکە ڕاگرتنی پێچەوانەی یاسای خزمەتی شارستانییە و زیانێکی زۆری ماددی بە مامۆستایان و فەرمانبەران گەیاندووە، کە خۆی لە 60 بۆ 120 ھەزار دینار و زیاتر دەدات.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە،کە دەبێت ھەموو ھەوڵێک بدرێت مامۆستایان و فەرمانبەران لە ھەموو ئەو پێشینانەی لە بانکە حکومییەکان دەدرێت سودمەند بن، ھاوشێوەی عیراق، باشترین ڕێگەش بۆ ئەوە ئەوەیە مووچەکان بخرێنە سەر ئەو بانکانە.

لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، زیاتر 60%ی مامۆستایان سودمەند نەبوون لە زەوی نیشتەجێبوون و دەبێت ھەنگاوی پێویست و بەپەلە بنرێت بۆئەو مەبەستە، داواش دەکات کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت، چونکە پڕۆسەی پەرورەدە و خوێندنی باڵا وەک دامەزراوەی تر نییە کە ھەرچۆنێک بێت بەڕێوەبچێت.

لەلایەکی دیکەوە، دڵشاد میرانی نوێنەری مامۆستایی نارازی ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی داواکاری مامۆستایان تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە لەوانە بە نیشتیمانیکردنی مووچە و پێدانی لە کاتی خۆیدا هەروەها پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی  ڕۆژی 25ی ئەیلول کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە.