فراکسیۆنی یەکێتی سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان لە سەر ئازادی بیروراو ئازادی رۆژنامەنوسی بووە

(0)


Feb 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەرەنجامی دادگایی کردن و سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان کە بۆ رایگ شتی خرایەڕو دەریخست دادگایی کردنەکە "بەئاقاری سیاسی بردراوە و داواکارین دادگای پێداچونەوەی (تمیز) ی ھەرێم لە ماوەی یاسایی خۆیدا بەئەرکی یاسایی خۆی ھەستێت و ئەو لادانە یاساییەی لەدادگایی کردنی رۆژنامەنوسان رویدا، راستی بکاتەوە".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەوەی لەپرۆسەی دادگایی کردنی ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان وچالاکوانانی مەدەنی دەڤەری بادینان، لەدادگای تێھەڵچونەوەی ھەولێر رویدا لە سەر ئازادی بیروراو ئازادی رۆژنامەنوسی بوە، ئەم دو مافەش بەیاسا پارێزراون و دەستەڵاتیش بەرپرسە لەپاراستنی ھەردو مافەکە.

ئەوەش هاتوە، بەگوێرەی پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانیش دەبێت دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبێت و نابێت لەژێر ھەژمونی ھیچ دەسەڵاتێکی دیکە بێت، بەڵام دەرئەنجامی دادگایی کردنەکە کە بۆ رایگشتی خرایەرو و "دەریخست دادگایی کردنەکە بەئاقاری سیاسی بردراوە".

فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەشی خستوەتەڕو، "بۆیە لە روانگەی باوەری تەواو و نەگۆرمان بەئازادی بیروراو  ئازادی رادەربرین و سەروەری یاسا داواکارین دادگای پێداچونەوەی (تمیز ) ی ھەرێم لە ماوەی یاسایی خۆیدا بەئەرکی یاسایی خۆی ھەستێت و ئەو لادانە یاساییەی لەدادگایی کردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان لە پرۆسەی دادبینی لەدادگای ھەولێر کراوە، لە قۆناغەکانی دیکەی دادوەری راستی بکاتەوە ماف بۆ خاوەن ماف بگێردرێتەوە  بەشێوەیەک ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە حوکمی دادپەروەری دادگاکان بێ ئومێد نەکات و بەھیچ شێوەیەک رێگا نەدرێیت دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا لەگەڵ ململانێی سیاسی تێکەڵ بکرێیت".