خۆفڕێدانى کچێک لە قوتابخانەیەکى سلێمانى

(0) / اجتماعی


Feb 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

خوێندکارانى قوتابخانەیەکى کچان لە سلێمانى تووشى شۆک بوون، کاتێک کچە هاوڕێیەکیان لە نهۆمى سێیەمەوە خۆى فرێدایە خوارەوە، کە بەهۆیەوە ڕەوانەى نەخۆشخانە کرا.  
ڕووداوەکە کاتژمێر 11ى پێش نیوەرۆى ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی شوباتی 2021) لە ئامادەیی سلێمانى کچان ڕوویدا، کاتێک کچە خوێندکارێکى پۆلى 10ى ئامادەیی لە پەنجەرەیەکى قوتابخانەکەوە خۆى فڕێدایە خوارەوە.  
خوێندکارەکانى قوتابخانەکە لەکاتى پشوودا بوون، کاتێک کچە خوێندکارەکە کورسییەکى پۆلێکى برد کە لەکاتى وانەدا مامۆستاکان بەکاریدەهێنن، ئەوان وایانزانى دەچێتە سەرى و کاتژمێرى پۆلەکە چاک دەکاتەوە، نەک بیەوێت لەرێگەیەوە خۆى فڕێبداتە خوارەوە.  
"جەرەس لێیدا لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێمدا باسى وانەمان دەکرد، ئەو هات و کورسییەکى برد، وتمان ئەگەر کاتژمێرەکە چاک دەکەیت، ئەوەى پۆلەکەى ئێمەش چاک بکە، وتى باش، بەڵام کاتێک سەرقاڵ بووین کورسییەکەى بردە دەرەوە"، کچە خوێندکارێکى شایەتحاڵ بەو شێوەیە رووداوەکەى بۆ "ناس کورد" گێڕایەوە.  
کچەکە یەکێک لە هاورێکانى لەگەڵدا بووە کاتێک کورسییەکەى بردووەتە لاى پەنجەرەى هۆڵى بەردەم پۆلەکە "هاوڕێکەى دەنگى بەرزکردەوە و وتى چى دەکەیت، وتى هیچ، قەمسەڵەکەى کردەوە و بەپشتدا خۆى فڕێدایە خوارەوە".  
خوێندکارەکان بەخێرایی چوونە نهۆمى خوارەوە و ئیدارەى قوتابخانەکەیان ئاگادارکردەوە و بەپەلە رەوانەى نەخۆشخانەى شۆرش کرا بۆ وەرگرتنى چارەسەر.  
کچەکە ناوی (س. ب.)ـە و پۆلى 10ى ئامادەییە و تەمەنى 17 ساڵە.  
دایکى کچەکە بە پەیامنێرى "ناس کورد"ى وت کە کچەکەى هیچ کێشەیەکى نەبووە. هاوڕێکانیشى وتیان کە ئاگادارى ئەوە نەبوون کێشەى هەبوبێت، بەڵام ئەمڕۆ کەمێک "بێزارى" پێوە دیار بووە.  
"ئێمە لەنهۆمى خوارەوە بووین کاتێک بینیمان ئەو کچە خۆى فڕێدایە خوارەوە و خوێن لەسەر زەوییەکە بینرا، پێش رووداوەکە کەمێک بێزارى پێوە دەبینرا"، خوێندکارێکى دیکەى شایەتحاڵى رووداوەکە وایوت.  
پەیامنێرى "ناس کورد" چووە نەخۆشخانەى شۆڕش بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى تەندروستى کچەکە، بەڵام بەرپرسانى نەخۆشخانەکە ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک بدەن لەو بارەیەوە.  
بەپێی ئەو زانیاریانەى دەست "ناس کورد" کەوتووە، کچەکە زیان بەر سەرى کەوتووە و و پزیشکەکان سەرقاڵى چارەسەرکردنین.  
بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە دەڵێت، رووداوەکە کتوپڕ بووە و هیچ شتێک نازانن لەبارەیەوە.  
وتیشى "خێزانەکەى هەمووى بۆ دەگرین و دەڵێن کێشەى نەبووە، خێر دەکەن بۆ چاکبونەوەى، کچە هەر هاوار دەکات و دەڵێت ئازارى هەیە".