ئێران: چاودێرییەکان ئاژانس لە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سنووردار دەکەین

(0)


Feb 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

وزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند دەوڵەت بڕیارەکانی مەجلیس لەبارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و سنووردارکردنی هاوکاری کردنی ئاژانسی ناڤۆکی و خستنە ڕووی زانیاری چالاکیی ناڤۆکییەکانی وڵات جێبەجێ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، محمەد جەواد زەریف وزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند بڕیاری مەجلیسی ئێران لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و NPT پەسەند کراوە و بۆتە یاساو حکومەتیش بەو پێیە لە سەریە جێبەجێ بکات و پابەندە بە جێبەجێ کردنی یاساکان.

ئاماژەی بەوەش دا بە پێی ئەو یاسایە ئێران تا 5ی ڕەشەممە مۆڵەتی داوەتە لایەنی بەرانبەری ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران نیاز پاکی خۆی بسەلمێنێت و ئەگەر ئەوە نەکرا بڕیارەکانی مەجلیس جێبەجێ دەکرێت و چیتر ڕێگە نادرێتە پشکنینەکانی ئاژانسی وزەی ناڤۆکی کە لە چوارچێوەی NPT ئەنجام ئەدرا، بەڵام پشکنینە ئاساییەکانی ئاژانس ڕێگە پێدراو دەبێت و تەنیا چاودێرییەکان ئاژانس لە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سنووردار دەکرێن.

وتیشی بڕیاری مەجلیس لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام دراوە و لەگەڵ مادەی 36ی بەرجام یەک دەگرێتەوە و ئێران هەمیشە بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانی خۆی پابەند بووە و بەردەوامە و ئەگەر ئەمەریکا و دیکەی لایەنەکانی بەرجام ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و گەمارۆکان لاببەن ئەوا ئێرانیش دەگەرێتەوە سەر ڕێچکەی پێشوو و هەموو ئەرکی خۆی لە ڕێککەوتن و بەرجام جێبەجێ دەکات.