تونێلی دەربەندیخان بەڕوی شۆفێران و هاوڵاتیاندا کرایەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە تونێل دەربەندیخان


Dec 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەمنزیکانە پڕۆژەی رێگای ناوتاق دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، رێگای دوڕیانی ژاڵەنا و سی مەتری رێڕەوی بارهەڵگرەکان قیرتاو دەکرێت.

دوای تەواوبونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەو لە رێورەسمێکدا بەئامادەبونی بەرپرسانی ئیداری و کەسوکاری قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ لە سنورەکە، هەینی 2022/12/16 تونێلی دەربەندیخان بەڕوی هاوڵاتیان و شۆفێراندا کرایەوە.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە بەبڕیاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئەنجامدرا، کە بەشێوازێکی ئەندازیاری سەردەمیانە لەلایەن تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانییەوە جێبەجێکرا، ئەوەش لەپێناو دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.

رێورەسمی کردنەوەی تونێلەکە بە کەسوکاری قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ لە سنورەکە بەخشرا، ئەوەش لەسەر راسپاردەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک رێز و وەفایەک بۆ قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ و کەسوکاری قوربانییەکان، هاوکات وەک ئەو بەڵێنەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی سنورەکەی داوە، کە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتکردنی سنورەکە درێغی ناکەن و خزمەتکردنی سەرجەم هاونیشتیمانیان بەئەرک و واجب دەزانن

. لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیشدا، سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو ستافی وەزارەتەکەی کرد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و رایگەیاند؛ مایەی خۆشحاڵییە ئەم داواکارییەمان کە داواکاری خەڵکی سنورەکەش بو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە جێبەجێکراو سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو سەرجەم ئەو کەس و ستافانە دەکەین کە لەم پڕۆژەیەدا کاریان کردوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەم کابینەیەدا، لەهەوڵەکانی بەردەوامە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەرجەم ناوچەکانی بەبێ جیاوازی ئەنجامداوە.

هاوکات بایەخی و گرنگی تایبەتی بە سنوری دەربەندیخان و گەرمیان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش خودی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن زیاتر لە هەشت جار بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و هاوڵاتیان سنورەکەی بەسەرکردوەتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، لەئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی رێگای ناوتاق لە دەربەندیخان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی تاوەکو دروستکردن و تەواوبونی تونێلی دوەمی دەربەندیخان وەک رێگایەکی جێگرەوە هاوڵاتیان سودی لێ ببینن. جگەلەوەش لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، رێگای دوڕیانی ژاڵەناو سی مەتری رێڕەوی بارهەڵگرەکان لە دەربەندیخان قیرتاو دەکرێت، کە درێژییەکەی (7)کم و بڕی (487.790.000) ملیۆن دیناری لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ تەرخاکراوە. لەماوەکانی رابردوشدا، سەرەڕای قەیرانەکان و لەگەڵ هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی رێگای دەربەندیخان کەلار، ساڵی رابردو رێگای دەربەندیخان-باوەخۆشێن بە بڕی زیاتر لە 490 ملیۆن دینار قیرتاوکرا، کە ناوچەی قەرەداغ و ناحیەی باوەخۆشێن و ناوچەکانی دەوروبەری بە دەربەندیخانەوە دەبەستێتەوە. هەر لە ساڵی رابردو لەچواچێوەی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکانی سنورەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رێگای دوسایدی وارماوا دەربەندیخان تا گوندی میرەدێی بەفەرمی کردەوە کە بەشێکە لە پرۆژەی دوسایدی وارماوا دەربەندیخان. ئامادەکردنی- کامەران کەریم