"دڵشاد ئەحمەد" ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری کورد لە وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە ژیان کرد

(0) / فرهنگی


Apr 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

"دڵشاد ئەحمەد" ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری شانۆی کوردستان و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید، کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هونه‌رمه‌ند "دڵشاد ئەحمەد" ئەکتەر و دەرهێنەری دیار و ناوداری کورد که سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلم و شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری" Goteborg و هه‌روه‌ها سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بوو Internationella Sköna Konster ، دوای ماوەیەک ململانێی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەمە 26ی ئەپرێلی 2021 لە نەخۆشخانەی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە ژیان کرد و جیهانی هونەر و بنەماڵەی به‌ڕێزی و هەڤاڵان و هۆگرانی خۆی بۆ هەتاهەتایە بەجێهێشت.
"دڵشاد ئەحمەد" کە سەرۆکایه‌تی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری لە ئەستۆدابوو، بە بەرپرسیارییەتی چه‌ندین ساڵه‌ی ئەم هونەرمەندە کوردە، یەکێک بوو لە چالاکترین ناوەندەکانی هونەر و ڕۆشنبیری و کەلەپووری کوردیی لە تاراوگە و بە سەرپەرەشتیاری کردنی دیداری فیلم و شانۆی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری؛ بە بانگهێشت کردنی فه‌رمیی هونەرمەندانی کورد لە ناوخۆی کوردستان بۆ ئەورووپا و کۆکردنەوەیان لەگەڵ هونەرمەندانی کورد لە تاراوگە و نمایشکردنی بەرهەمەکانیان، ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لە ناساندنی هونەر و کەلتووری کوردی بە خەڵکانی بیانی و بە تایبەت سویدییەکان.  
مامۆستا "دڵشاد ئەحمەد" بە سەرپەرەستی کردنی کۆمەڵێک چالاکیی کوردیی دیکە و هەروەها کردنەوەی پێشانگای شێوەکاری و فۆتۆگرافی بۆ هونەرمەندانی کورد لە تاراوگە، لە ناساندنی زیاتری هونەرمەندانی لاوی کورد و هونەرە بەنرخەکەیان بە هۆگرانی هونەر و ڕۆشنبیری ڕۆڵێکی یه‌کجار گرینگ و کارا و حاشاهەڵنەگەری هەبوو.
ڕەوانشاد "دڵشاد ئەحمەد" دەرچووی بەشی ده‌رهێنان و نواندنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی له‌ ساڵی 1985ی زایینی بوو و ئەو کاتەی کە لە کوردستان دەژیا لە کۆمەڵێک شانۆگەریی گرینگی ئەو سەردەمەدا وەکوو ئەکتەر و دەرهێنەر، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و هۆگرانی هونەری شانۆی کوردیی بە تامەزرۆییەوە بینەری شاکارەکانی ئەم هونەرمەندە بەئەزموونە ده‌بوون و هەروەها لە چەندین دڕامای کوردیشدا وەکوو  ئەکتەر ڕۆڵێکی درەوشاوەی بینیوە.  
ئەم هونەرمەندە کوردە لە ساڵی 1994 ڕوویکردە دەرەوەی وڵات و لە شاری یۆتۆبۆری له‌ سوید نێشتەجێی بوو و لەوێش لە کاری هونەریی دانەبڕا و بە دڵسۆزی و لێهاتووییەوە درێژەی بە خزمه‌ت کردنی‌ ئه‌مه‌کدارانه‌ی هونەرەکەیدا و لە چەندین شانۆگەری و هەروەها فیلمی کوردی و بیانیدا وەکوو ئەکتەر بەشدارییەکی بێوێنەی کرد.
یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی دیکەی مامۆستا "دڵشاد ئەحمەد" لە تاراوگە و هه‌نده‌ران، بەڕێوەبەرایەتی گرووپی هەڵپەڕکێی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بوو کە کۆمەڵێک لە گەنجانی کوردی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری لە شاره‌کانی پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کۆی ده‌کردەوە و بە قسە و بەرهەمەکانی هەستی نەتەوایەتی ئەوانی ده‌بزواند و بە پڕۆڤە کردنی بەردەوام و شێلگیرانە لەگەڵیان و بە کەڵک وەرگرتن لە هەڵپەڕکێی جوان و ڕازاوەی کوردی و دیزاین و کۆلۆگرافی نوێ لە زۆربەی خولەکانی کارنەواڵی نێودەوڵەتی "هەمەرکۆلەن" Hammarkulle Karnevalen لە شاری یۆتۆبۆری بەشداریی کرد و بەم شێوەیە هەڵپەڕکێی کوردی بە خەڵکانی بیانی ناساند و لە لایەن بینەرانی سویدی و نەتەوەکانی دیکەی دنیاشەوە پێشوازیی بێوێنەیان لێکرا و چه‌ندین جار لە لایەن لێژنەی دادوەرانەوە پلەی یەکەمی ئەم کارنەواڵە گرینگەیان لە نێوان گرووپی سەما و هونەریی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا به‌ سه‌رکه‌توویی پێدەبەخشرا.
"دڵشاد ئەحمەد" کە هۆگرییەکی زۆری بە هونەری سینەمای کوردی و بیانییەوە هەبوو، لە تەنیشت بەڕێوەبەرایەتی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"، پەیوەندییەکی نزیک و برایانەی لەگەڵ "یۆناس هۆلمبێرگ" Jonas Holmberg بەڕێوەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یۆتۆبۆری" وەکوو گەورەترین فێستیڤاڵ لە نێوان وڵاتانی ئێسکاندیناڤیا و یەکێک لە هه‌ره‌ گرینگترین فێستیڤاڵەکانی فیلم لە دنیادا هەبوو و ساڵانە بەشداریی ئەم ڕووداوە سنەماییەی دەکرد و پردێکی پەیوەندیی بوو لە نێوان ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی فیلم لە ئەورووپا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سلێمانی" لە هەرێمی کوردستان و بۆ بەشداری کردن لەم ڕووداوە هونەرییەدا، ساڵانە چەندین سینەماکاری سویدی و هەروەها مامۆستایانی کولێژی سینەمای شاری یۆتۆبۆری بانگهێشتی هەرێمی کوردستان دەکرد.
"دڵشاد ئەحمەد" ساڵی 2019 لە دوایین به‌رهه‌می شانۆیی خۆیدا وەکوو ئەکتەر، لە شانۆگەریی "باوک" Father لە نووسینی "ئاگۆست ئستریندبێرگ" August Strindberg شانۆکاری ناوداری سویدی ڕۆڵی بینین کە یەکێکە لە شانۆنامەنووسە گەورە و کاریگەرەکانی جیهان، لە دەرهێنانی "سەدیق عەزیز" شانۆکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویج، بە وەرگێڕانی "دلاوەر قەرەداخی" و بە ڕۆڵ بینینی کۆمەلێک لە ئەکتەرە ناودار و بەئەزموونەکانی شانۆی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا، لەوانە: "شەماڵی عەبەڕەش"، "خەرمان هێرانی"، "سیروان جەماڵ"، "شادان فوئاد" و "کاروان عەلی مەجول" کە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە هۆڵی شانۆی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی پێشکەش کرا و لە لایەن بینەرانی شانۆوە پێشوازییەکی گه‌رم و بێوێنەی لێکرا.  
ئەم شانۆگەرییە لە درێژەدا بە دەورگێڕانی "دڵشاد ئەحمەد" و ئەکتەرەکانی دیکەی کوردستان، لە بەشی پێشبڕکێی شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردی "سەقز" لە وڵاتی ئێران نمایش کرا و چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستهێنا.  
"دڵشاد ئەحمەد" لە دوایین پڕۆژه‌ و کاری هونەریی خۆیدا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوکارە دڵسۆزەکانی لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"یان بەڕێوەبرد کە تیایدا بەرهەمی سینەماکارانی کوردستانی ئێران، هەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کورد لە ئەورووپا نمایش کران و هەروەها چەندین کۆڕی پسپۆڕانەی هونەریی سینەما تیایدا ساز کرا کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ڕۆژانی 27 و 28 و 29ی نۆڤەمبەری 2020 بە شێوەی ئۆنلاین له‌ وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.