وەزیرى خوێندنى باڵا: باشترن پاداشت بۆ هەڵەبجە، بنیادنانى زانکۆیەکى ئاست بەرزە

(0) / فرهنگی


Apr 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە باشترن پاداشت بۆ هەڵەبجە، بنیادنانى زانکۆیەکى ئاست بەرزە
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتی خوێندنى باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  لە کۆبونەوەی نێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى هەڵەبجە، تەئکید لە هەماهەنگى و هاوکارى زانکۆ و حکومەتى خۆجێى کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٧/٤/٢٠٢١) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجەو کاوە عەلى جێگرى پارێزگار.
لە دیدارێکدا پارێزگارى هەڵەبجە سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ هەوڵ و بڕیارەکانى بە ئاراستەى گەشەپێدان و پێشخستنى ئاستى زانکۆى هەڵەبجە. هەروەک تەئکیدیشى لە هەماهەنگى و هاوکارى نێوان زانکۆ و حکومەتى خۆجێى کردەوە، بۆ ئەمەش بەڵێنیدا پشتیوانى تەواوى پرۆسەى خوێندنى باڵاو زانکۆى هەڵەبجە بێت.
لەبەرامبەردا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە هەڵەبجە بەشێکە لە ناسنامەى نەتەوەیمان و ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆى هەڵەبجە درێغى ناکەین، بۆ ئەمەش پێویستە هەموان وەک یەک تیم خزمەت بە خەڵک و شارەکە بکەین.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: باشترن پاداشت بۆ شارى هەڵەبجە، بنیادنانى زانکۆیەکى پێشکەوتو و ئاست بەرزە، کە بتوانێت خزمەت بە رۆڵەکانى میللەتەکەمان بکات، وتیشى: شارى هەڵەبجە نانسنامەى نەتەوەیمانە دەبێت هەمو هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ سەرخستنى ئاستى زانکۆى هەڵەبجە.