زەریف: سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران بایەخێكی تایبەتی هەیە

(0) / جهان


Apr 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی پارتی دیموکرات کوردستان لە هەولێر پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەم دیدارەی نێوان مەسعود بارزانی و  محەمەد جەواد زەریف بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواپێشهاتەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەڕەشە و ئاڵنگاریی بەردەم عێراق تاوتوێكران.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، "سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی تایبەتی هەیە".
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێگەكان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئارامیی عێراق و ناوچەكە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندئاژۆیی ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كراوەتەوە.
 رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەری دیكەی كۆبوونەوەکە بوون.
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، نەسروڵڵا رەشنوودی، كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و مەهدی شوشتەری، كۆنسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی لە کۆبوونەوەی زەریف و بارزانی بەشداربوون.