ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی و وەزیری دەرەوەی ئێران

(0) / جهان


Apr 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و چەند پرسێکی جیاوازیان تاووتوێ کرد.   
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (سێشەممە 27ی نیسانی 2021) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازییان کرد لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدێکی یاوەری.  
 بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، لە دیدارێکدا گفتوگۆی ورد و ھەمەلایەنە لەسەر پێویستیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، ھەماھەنگی، کاری ھاوبەش و بەھێزکردنی ھاریکاریی ئابووری و بازرگانی نێوان ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا لە پێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە.  
 ئاماژە بەوەشکراوە، هاوسەرۆکان جەختیان لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ئاشتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ پاراستن و ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ.  
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایانگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەو دانوستانانە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییانی ئێران کە بە هۆی گەمارۆوە زەرەرمەند بوون، هاوکات دەبێتە مایەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی."   
ئاماژە بەوەشکراوە، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەو ڕۆڵە گرنگەی یەکێتی دەیگێڕێت بە تایبەت کە لە دوای گۆڕانکاری و ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکە، پێگەی یەکێتیی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەهێزتر بووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوندییەکان و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.