دیداری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر

(0) / جهان


Apr 29, 2021

قەبارەی فۆنت:
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە هەولێر کۆ بوونەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە،   بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کە دوێنی سەردانی هەولێری کرد، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا و "جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە." 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت "پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی 2021 بە هەنگاوێكی ئەرێنی دانرا کە پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە خزمەتی سەرجەم پێكهاتە و ناوچە جیاوازەكانی عێراق بكات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە زووترین کات بنێردرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا "ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوان بن لە سەرخستنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان." 
 
لە بەشێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کراوە "بە ئاراستەی زەمینەخۆشكردن لە بەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات."

بەرهەم ساڵح هەروەها لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە بارەی  دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێكرا و بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق گفتگوگۆی کرد.