خۆ کوژێک پێش ئەوەی بچێتە بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک کوژرا
(0)
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کەسێک بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوە ویستوویەتی بچێتە نێو بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی بارەگاکە تەقەی لێکراوە و تەقیوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-04-2021 لە گەڕەکی قۆریەی سەنتەری شاری کەرکووک روویداوە، خۆکوژەکە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی پێوەبووە و ویستوویەتی بچێتە نێو باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانی و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پاسەوانەکانی بەر دەرگە تەقەیان لێکردووە و لە دووری 100 مەتر لە دەرگای باڵەخانەکە تەقە لە خۆکوژەکە کراوە و دواتر تەقیوەتەوە.
راگەیاندنی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە تەقینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە "هێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک تیرۆریستێکیان کوشت کە پشتێنەی بۆمبی بەستبوو و هەوڵیداوە بچێتە نێو بارەگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، بەڵام رێگریی لێکراوە و کوژراوە".
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان دوو کارمەندی ئاسایشی نیشتمانی بە سووکی بریندارکراون.
هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و تاوەکوو ئێستا ناسنامەی ئەو کەسە دیارنییە و نازانرێت کێیە.
تێبينيێك بنێرە: