بەرهەم ساڵح و مەکتەبی سیاسی پارتی باسی رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردیان کرد

(0) / جهان


Apr 29, 2021

قەبارەی فۆنت:

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە جیا لەگەڵ مەسعود  بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دوای کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی ئەو حیزبە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئێستای عێراق و پرسی هەڵبژاردن و ئەو بارودۆخەی عێراقی تێدایە کرا. هەروەها قسە لەسەر ئەوە کرا کە چی پێویستە لەسەر ئێمەی کورد لە بەرەوپیرچوونی ئەو هەڵبژاردنە چی بکەین و رۆڵمان چی بێت. هەروەها ئەو مەترسیانەی لە عێراق هەن و زۆرجار کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە. هەروەها باسی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش کرا، کە پەیوەندی نێوان لایەنەکان و بە یەکەوە بوون زیاتر هێز دەداتە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەوانەی کە دژی هەرێمی کوردستانن بوێری ئەوەیان نەبێت دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ببەن."

مەحموود محەممەد رەتیکردەوە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، باسی پۆستی سەرۆککۆمار کرابێت و دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەک باس لە مەسەلەی پۆستەکان نەکراوە، چونکە ئەو بابەتە لە گۆڕێ نییە، باس لەوە نەکراوە کە کێ دەبێت بە سەرۆککۆمار و چ لایەنێک وەریدەگرێت یان وەری ناگرێ، بەڵکو زیاتر باسی پرسە سیاسییەکان و تەبایی و رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد کرا."

سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناوچەکانی ماددەی 140، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "ئەوەی کە گرنگ بووە پێشتریش لیژنەیەکمان هەبوو لە دەزگای هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئەو بابەتانەیان تاوتوێ کردووە و قسەی لەسەر کراوە، کە ئێمە یەک هەڵوێستی بین. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی ئەستەمە، بەڵام هەوڵ دەدەین لەو ناوچانەی کە جێناکۆکن ئەوەندەی بکرێت کوردستانیان لەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بە بەربژێرەکانی کورد بدەن بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن."

سەبارەت بە دروستکردنی هاوپەیمانیێتیش لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەوانە سائیرون، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا شاندێکی ئێمە لە بەغدایە، بە سەرۆکایەتی کاک هۆشیار. پێویستمان بەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەین، هەر لایەنێک لەو لایەنانەی کە زیاتر نزیک بێت لەو بۆچوونانەی کە هەن لە بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، بە تەئکید ئەوکات ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانە رێکدەکەوین بۆ پێکهێنانی حکومەت."

بە گوتەی مەحموود محەممەد، "هەموو لایەنەکانیش لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانن، لەگەڵ سائیرون زۆر بەوردی قسە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لە نێوانماندا واژۆ نەکراوە."

لەبارەی پرسی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووکیش، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوەدا، "یەکێک لە تەوەری گفتوگۆی شاندی ئێمە کە ئێستا لە بەغدایە، بابەتی گەڕانەوەی پارتییە بۆ کەرکووک، موسڵ، خانەقین، مەخموور و چەندین شار و شارۆچکەی دیکە. لە کاتێکدا کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین دەبێت بوونمان لەو ناوچانە هەبێت، ناکرێت لە دوورەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بابەتە یەکلانەبووەتەوە. لیژنەیەکیشمان هەیە بۆ پرسی دابینکردنی ئەمنیەت لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140، ئەو لیژنەیە دەستبەکاربووەتەوە جارێکی دیکە، چونکە ماوەیەک کارەکانی راوەستابوو. حکومەتی عێراقیش پێویستی بەوە هەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەو شوێنانە بێت. لەو بۆشاییەی ئەمنییەی دروست بووە زۆرجار گورزی زۆر خراپ هەم لە خەڵکی ناوچەکە و هەم لە حکومەتیش دەدرێت."

ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقە لە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کۆببێتەوە.