جه‌ژن هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌یه/ قه‌ده‌غه‌ی هاتنه‌وه له هیندستان له رێگای ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
(0)
لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد و لەوان قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ لە ڕۆژانی جه‌ژن و قه‌ده‌غه‌ی هاتنه‌وه له هیندستان بۆ كه‌سی بیانی له رێگای ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد.
بڕیاره‌كانی به‌یانی ژماره 17ی 2021ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا:
یه‌كه‌م: كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه و په‌یمانگه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له پاش جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز و دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ته‌ندرووستی و راده‌ی كاریگه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
دووه‌م: راگرتنی هاتوچۆ له ته‌واوی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان و گشت یه‌كه كارگێڕییه‌كان له كاتژمێر (12:00)ی شه‌وی كۆتا رۆژی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز تا كاتژمێر (12:00)ی شه‌وی سێیه‌م رۆژی جه‌ژن.
سێیه‌م: قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بۆ هیندستان بۆ هاووڵاتی عێراقی و قه‌ده‌غه‌ی هاتنه‌وه له هیندستان بۆ كه‌سی بیانی له رێگای ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وانه‌ی له دوای 20ی نیسانی 2021، سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه و ئه‌و عێراقیانه‌ی له هیندستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه له رێگه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێمه‌وه پێویسته له خاڵه سنوورییه‌كان جیابكرێنه‌وه و پشكنینی وردیان بۆ بكرێت له لایه‌ن تیمه پزیشكییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی به مه‌به‌ستی دڵنیابوون له تووشنه‌بوونیان به كۆرۆنا و كه‌ره‌نتین ده‌كرێت بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی ده‌ستنیشانی كردووه.
چواره‌م: لیژنه‌ی باڵا، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی راسپارد به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌باره‌ت به ده‌ركردنی رێنمایی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به (10) رۆژی كۆتایی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز و رێوڕه‌سمه‌كانی ئایینی له مزگه‌وته‌كاندا.
پێنجه‌م: یانه و كافتریا و رێستورانت و شوێنی یارییه‌كان نابێت نێرگله‌یان تێدا بكێشرێت و هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت یه‌ك هه‌فته داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌ی 5 ملیۆن دینار سزا ده‌درێت.
شه‌شه‌م: به‌رده‌وامبوونی رێكاره‌كانی به‌یانی ژماره (15)ی ساڵی (2021) مادده‌كانی (4،5،6،7،9،10،11،12،13،14،15).
حه‌وته‌م: دوای مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه به مه‌به‌ستی بڕیاردان له‌سه‌ر چه‌ند رێكارێكی خۆپارێزی و رێكخستن و داخستنی چه‌ند شوێنی گشتیی و تایبه‌ت له پێناو كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان و درێژه‌دان به پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده.
هه‌شته‌م: ئه‌م به‌یانه له 1ی ئایاری 2021، كاتژمێر (08:00)ی شه‌و جێبه‌جێ ده‌كرێت و له رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه.
تێبينيێك بنێرە: