قائیمقامیەتی سلێمانی ئەم شوێنانە روبەڕوی داخستن و سزا دەکاتەوە

(0) / اجتماعی


May 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێک قیمەدا دەگرێت کە سەرچاوەی گۆشتەکەی نادیارە و نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنەکان رایدەگەیەنێت: فرۆشتنی قیمەی ئامادەکراو قەدەغەیە و لەهەر شوێنێک دەستی بەسەردابگیرێت دادەخرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شۆڕش کەمال، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند ،بەهۆی نادیاری سەرچاوەی گۆشتی قیمەی ئامادەکراوەوە، بەبڕیای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەکارگەکانی بەرهەمهێنانی قیمەی ئامادەکراو و دوکانی گۆشتفرۆشەکاندا قیمەکردن قەدەغە دەکرێت، ئەو کاتەی کڕیار داوا دەکات قیمەی بۆ ئامادەبکرێت.

وتیشی، لەهەڵمەتی لیژنەهاوبەشەکاندا بۆ بازاڕی دارە سوتاوەکە دەست بەسەر بڕێک قیمەی ئامادەکراودا گیراوە .

رونیکردەوە ،بەپێی رێنماییەکانی ڤێتێرنەری و تەندروستی کاتێک گۆشت دەکرێت بەقیمە، دەبێت بە ناوەندێک بۆ گەشەکردنی بەکتریا کە یاریدەدەرە بۆ زو خراپبون،  بۆیە پێویستە چەند خولەکێک پێش بەکارهێنان گۆشتەکە قیمە بکرێت.

شۆڕش کەمال، نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی لە هەرشوێنێک دەست بەسەر قیمەی ئامادەکراودا بگیرێت دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.

لەکاتی هەبونی سکاڵا یان پێدانی زانیاری بە قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان پەیوەندی بە ژماره‌ مۆبایلی (07708677777)ـه‌وه‌ بکەن.

کامەران کەریم