تۆمەتبار کردنی فوئاد حسێن بە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بەوەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی پارتی

(0) / جهان


May 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

پەڕلەمانتارێکی هاوپەیمانی هیوا رایدەگەیەنێت کە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق چاوپۆشی لە درووستکردنی بنکەیەکی نوێی سەربازیی تورکیا لە پارێزگای دهۆک دەکات و تۆمەتباری دەکات بەوەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی پارتەکەی مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، غالب محەمەد لەلێدوانێکدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە کە درووستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێی تورکیا لەهەرێمی کوردستان دەستدرێژییەکی زەقە بۆسەر سەروەریی خاکی عێراق، ئەوەش لەکاتێکدا کە وەزارەتی دەرەوە بەشێوەیەکی قبووڵنەکراو و شەرمەزارکەرانە بێدەنگییان بەرانبەر بەو کارە هەڵبژاردووە.

محەمەد دەڵێت ئەو وەزارەتە کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوەدەربرێت، پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ تورکیادا هەیە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەو پارتە و دوور لە بەرگریکردن لە سەرەوەریی خاکی عێراق مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکات.

ئەو پەڕلەمانتارە داوای لەلیژنەی ئاسایش و بەرگری پەڕلەمانی عێراق کردووە کە کۆبوونەوەیەک ساز بکەن و راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر مەترسییەکانی دەستدرێژییەکانی ئەمدواییەی تورکیا و درووستکردنی بنکەی سەربازیی لەناوچە نیشتەجێکانی کوردستان بدەنە دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، سلێمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە بنکەیەکی سەربازیی نوێ لەناوچەی مەتینا لە پارێزگای دهۆک درووست دەکەن، بەوپێیەی بەلای تورکیاوە پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە.