ئێران هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانتر لە هەرێمی کوردستان دەکات
گرووپە دژبەرەکان لە هێرشەکانی پێشووئاگادارکراونەتەوە.
سەرۆک ئەرکانی ئێران وێڕای ئاشکرا کردنی ئەو ڕاستییەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتر دژی گرووپە چەکدارە نەیارەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئەو گرووپانەیان لە هێرشەکان ئاگادارکردۆتەوە، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە قۆناخی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، محەمەد حسێن باقری، سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی ماوەی دوایی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە هێرشەکان.
سەرۆک ئەرکانی ئێران زیاتر وتی: هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بەرپرسیارێتی سوپاسی پاسداران، ئەم گرووپانە لەناودەبەن و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی دوو حەوتەی ڕابردوودا ئەنجام دراون، بەردەوام دەبن.
باقری، گرووپە چەکدارە نەیارەکانی ئێران نیشتەجێ لە خاکی هەرێمی کوردستانی بە تیرۆریست وەسف کرد و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و لە قۆناخی دووەمدا فراوانتری دەکەن.
ڕاشیگەیاند نابێت گرووپە دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا بنکەی راهێنان، رادیۆ و تەلەڤزیۆن و کەمپیان هەبێت و کۆنگرە بگرن.
ئەم فەرماندە باڵایەی ئێران ئاشکرای کرد: لەم قۆناخەدا بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی گیانی لێنەکەوێتەوە، گرووپە دژبەرەکانمان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن.
باقری وێڕای ئاماژە بە بەرفراوان بوونی جالاکییەکانی گرووپە چەکدارە نەیارەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران، ڕایگەیاند ئەو گرووپانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتی و ڕاسپاردەی ئەمریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی، هەندێ چالاکی تیرۆریستییان دژی ئێران ئەنجام دا کە ئەنجامێکی بۆیان نەبوو و بە تەنیا بوونەتە هۆی درووست بوونی نائەمنی لە سنوورەکان و ئەمەش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران قبووڵکراو نییە.
ڕاشیگەیاند کە نابێ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێگە بدەن مورتەزەق و بەکرێگیراوانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی و گرووپە جەکدارەکان لەو ناوچانە بنکە و بارەگایان هەبێ و ئازادانە چالاکی چەکداری و تیرۆریستی بکەن.
تێبينيێك بنێرە: