یەکێتی: لیژنە ھاوبەشەکانی لەگەڵ پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لەبەغدا یەکلایی بکەنەوە
/
کردستان
/
زایەڵە
یەکێتی
لە دوای کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەندراوێکدا بەلاغی کۆبونەوەکە خرایەروو، جەخت لە لە سیاسەتی نەگۆری یەکێتی، کە پێویستە حکومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکوک لە خوارەوە هاتووە:
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە سەرەتای ساڵی نوێی ٢٠٢٢ لە قودسی کوردستان، کەرکوک کرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە کە ٣-١-٢٠٢٢ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە کەرکوک بەرێوەچوو، بە ساتێك رێزلێنان لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان و عیراق دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
تەوەرەی سەرەکی باسەکان رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق بوو لە دەروازەی ساڵی نوێ و ھەڵوێستی یەکێتیی دەربارەی ئیستحقاقی کورد لە بەغدا و پێکھاتنی حکومەتێکی نوێی وڵات لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە ئێستا گۆڕینەوەی بیروڕا و گفتوگۆی چڕ لە نێوان ھێزە سیاسییەکان بۆ ئەم مەبەستە دەستیپێکردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لەم بارەیەوە جەختیکردەوە لە سیاسەتی نەگۆری یەکێتی، کە پێویستە حکومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات و پێشینەی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەکانی گەلی عێراق بکاتە کارنامەی بەپەلەی خۆی. چونکە تەنھا بە حکومەتێکی لەو شێوەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و ڕاستکردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی کە پێویستی بە ھەماھەنگی کارا ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
بۆ ئەم مەبەستەش مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی لە کەرکوک بە ئاماژەو پەیامێکی کوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا کە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە کە لە جیاتی ھەموو کوردستان و عێراق قوربانییەکی زۆریان داوە لە شەڕی دژی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پێویستە بە نەخشەرێی سياسی و دەستووری کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
کۆبوونەوە ھەروەھا پێداگری کرد لەسەر پێویستی یەکخستنی بەکردەوە و کارای ھەڵوێستی کوردستانی لەبەرامبەر پێشھاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی کوردستانی ئەرکەکانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکومەتی تازە جێبەجێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە ھاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لەبەغدا یەکلایی بکەنەوە.
بەشێکی تری تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تەرخانی کاروباری ناوخۆی یەکێتی و چاکسازی و گەشەپێدان و ھەڵوێستی حزبی کرا. جەخت کرایەوە کە پرۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال و کۆششکردن بۆ گەنجکردنەوەی حزب لەرێی نوێکردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێکخراوەکانی یەکێتیدا.
تێبينيێك بنێرە: