محەممەد حەلبووسی بەربژێری سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
محەممەد حەلبووسی بە فەرمی بووە بەربژێری سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دیاریکردنی حەلبووسی دوای گفتوگۆ و دانووستاندنی چەند مانگی رابردووی نێو ماڵی سوننەدێت.
ئەمڕۆ یەکشەممەش لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دوای سوێندخواردنی بەربژێرە سەرکەوتووەکان وەکو پەرلەمانتار، بەپێی ماددەی 55ـی دەستووری عێراق دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن.
دوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان پشکی کورد و شیعەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو 67 بەربژێری سەرکەوتووی هەردوو هاوپەیمانێتییەکە دەنگیانداوە و محەممەد حەلبووسییان وەکو بەربژێری فەرمیی سوننە بۆ سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد.
لە بەرامبەردا، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم دەبێتە سەرۆکی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە عەزم تەقەدووم پێکیانهێناوە.
12پەرلەمانتاری سوننە ئامادەنەبوون دەنگ بە حەلبووسی بدەن و لە هاوپەیمانێتییەکە چوونەدەرەوە.
دوای دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان، بەربژێرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەمێنن کە پشکی کورد و شیعەن.
یەحیا محەممەداوی، گوتەبێژی عەزم رایگەیاند، "67 پەرلەمانتاری سوننە لە کۆبوونەوە بوون و دەنگیاندا... هەوڵیشمانداوە لەگەڵ لایەنە کوردستانی و شیعەکان رێکبکەوین."
تێبينيێك بنێرە: