قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری وردی کاری مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات
بەهۆی کەمبونەوەی سەعاتەکانی کارەبای نیشتیمانی و پێویستی زۆر بە کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکەن، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردان و چاودێرییەکانیان بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان زیاتر کردووە.
کوردۆ فایەق نامیق، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە زایەڵەی رایگەیاند، ژمارەی سەردانەکانیان بۆ چاودێریکردنی کاری مۆلیدەکان زیاتر کردووە، نزیکەی (700) مۆلیدەی ئەهلی لە سنووری سلێمانیدا هەیە، بەهۆی کارپێکردنی زۆرەوە رۆژانە مۆلیدەکان توشی کێشەی تەکنیکی دەبن، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەردەکرێن، هەر مۆلیدەیەک لەکاربکەوێت خاوەنەکەی ناچار دەکرێت لەماوەی یەک رۆژدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابین بکات، ئەگەر پابەند نەبێت سزاکەی هەتا لێسەندنەوەی مۆڵەت دەڕوات، چونکە رێگە نادەین هیچ گەڕەکێک بێ کارەبای مۆلیدە بێت.
لەبارەی ڤۆڵتییەی کارەبای مۆلیدەکانەوە وتی ، دەبێت لەلای مۆلیدەکە ڤۆلتییەی سریفێس لە (400) و هێڵی ئاسایی لە (200) کەمتر نەبێت، لەم رووەوە بەردەوام چاودێری مۆلیدەکان دەکەین.
سەبارەت بە بەرنامەی کاری مۆلیدەکان، کوردۆ فایەق ئاماژەی بەوەکرد کە قائیمقامیەت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوبەرایەتی کارەبای سلێمانی سەعاتەکانی ئیشپێکردنی مۆلیدەکان دیاری دەکان، بەرژەوەندی هاوڵاتیان چی بخوازێت بڕیاری لێ دەدرێت.
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان داوای کرد لەکاتی هەر گلەیی و گازندەیەک لە هەر مۆلیدەیەک، لە هەر کاتێکدا بێت هاوڵاتیان پەیوەندی بە ژمارە موبایلی 07701363679 بکەن بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆبکرێت.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: