نووری مالیکی بە ئەمینداری حزبی دەعوە هەڵبژێردرایەوە

(0) / عراق


Jan 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

نووری مالیکی، لە کۆنگرەی 18مینی حزبەکەیدا جارێکی دیکە بە ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراقی هەڵبژێردرایەوە.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕوداو، رۆژی شەممە 15-01-2022 لە کۆنگرەی 18مینی حزبی دەعوەی ئیسلامی کە لە ژێر دروشمی "ناسنامەمان ئیسلامییە رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبینەوە و نیشتمان بونیاد دەنێین" کارەکانی بەڕێوەدەچێت، جارێکی دیکە نووری مالیکی، بە ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامیی هەڵبژێردرایەوە.
حزبی دەعوەی ئیسلامی، پارتێکی سیاسی عێراقییە و یەکێک لە پارتە شیعییە سەرەکییەکانە، لە ساڵی 1957 دامەزراوە.
محەممەد باقر سەدر مەرجەعی ئایینی شیعەکان، یەکێک لە دیارترین دامەزرێنەرەکانی حزبەکە بوو، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لەسێدارەدرا.
 نووری مالیکی، دوو خول سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لە 2006 تاوەکو 2014، لە ساڵی 2006وە ئەمینداری حزبی دەعوەیە، کاتێک شوێنی ئیبراهیم جەعفەری گرتەوە.
 نووری مالیکی، ناوی تەواوی، نووری کامل محەممەد حەسەن ئەبو ئەلمحاسن مالیکییە، بە باوکی ئیسراش دەناسرێت، ساڵی 1950 لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلیژی ئوسوڵی ئایین لە بەغدا وەرگرتووە. ماستەری لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەددین بەدەستهێناوە.