دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکی٢٠٢١ ڕادەگەیەنێت
/
کردستان
/
زایەڵە
مین
کوردستان
جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و عوبێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی ٢٠٢١ی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕووبەری پاککراوە زیادی کردووە و ژمارەی مین و تەقەمەنی زیاتر لە ناوبراون بەڵام ژمارەی شەهید و کەمئەندامبووان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، لەوساڵەدا توانراوە (٦٠١،١٥١)م٢ شەش سەد و یەک هەزار و سەد و پەنجاو یەک مەتر دوودا لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە خۆی لە (٢١) کێڵگە مین و(٧) شەڕگە دەگرێـتەوە، دوای پاککردنەوەشی ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان و ئاژەڵداری بە کاربهێندرێـت
ناوبراو باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانە کرد کە لەڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە لە ناوبراون و هەڵگیراونەتەوە لە کێڵگە مینەکان کە زیاترە لە (١،٨٩٤)هەزار و هەشت سەد و نۆهەد و چوار مین، کە مینی دژەکەسی و دژە تانک بوون، هەروەها زیاتر لە (٢٢،٩١٨) پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی لە خۆ گرتووە، کە هەر مین و تەقەمەنیەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی چەندین هاوڵاتی و گیانلەبەران .
جەبار مستەفا دڵگرانی خۆی بە زیادبوونی ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵێ ٢٠٢١ بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بونەتە قوربانی و ڕایگەیاند لەوساڵەدا (٤٢) چل و دوو بەرکەوتوو بە ڕوداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە (١٩) گیانیان لەدەستداوە و (٢٣)تریش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە، بەڵام هاوڵاتی هەیە پێیەوە پابەند نابێت و ناچار ڕوداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ژمارەی سودمەندبووانی لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی ڕاگەیاند کە خۆی لە (٣٥،٦١٣)سی وپێنج هەزارو شەسەد و سێزدە کەس لە پیاو ئافرەت و منداڵ دەبینیەوە بەتایبەت بۆ ئەوناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: