هۆشدارییەک لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمەوە: کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە

(0) / / اجتماعی / زایەڵە کۆرۆنا ڤایرۆس COVID19


Feb 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە" و هۆشداریش دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر، "بەتایبەتیش پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی کە ئەمڕۆ شەممە 13-2-2021 بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، "بەداخەوە" هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتمانیان درووستبووە کە گوایە كۆرۆنا نەماوە و مەترسیی ئەو ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك. "گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگە بەرگریی بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستکردووە دژی ئەو ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە".
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:
 هۆشداریەك لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان...
 هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID19 لە جیهاندا، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارەتیەوە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕاوێژكاران و پسپۆران و لایەنە پەیوەندارەکانی ئەم بوارە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 23 ی مانگی یەکی ساڵی پارەوە بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كردووە و بەردەوام هەوڵی داوە دەستپێشخەری هەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، بەڵام لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا کە ڕێکارەکان و خۆپارێزی هۆکاری سەرەکی بوو هەم لە دواخستنی تەشەنەکردن و زوو کۆنتڕۆڵکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوە بەڵام بەداخەوە هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و مەترسی ئەم ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤایرۆسەكە نەبووە بەمەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان دەبەستاوە بە پرسی كۆڕونا و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پاراستنی گیانیان و دەیگرتە بەر.
 ئێستاش كە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە کردنەوە هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن.
 هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی.
 سوپاسی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی دەكەین كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دان، هەروەها ڕۆلی هێزەکانی ناوەخۆ و دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندارەکان و مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرز دەنرخێنین لەهۆشیاركردنەوە و جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
 سڵاو بۆ گیانی پاكی قوربانیان لە پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتی  تەندروستی و هەموو ئەو کەسانەی کە گیانیان سپارد لە پێناو پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیان لە هەرێمی كوردستان.
 خوای گەورە كوردستان لە هەموو نەهامەتی و نەخۆشیەك بپارێزێت.
 وەزارەتی تەندروستی
13 شوبات 2021