عێراق بانگهێشتی دانوستاندنەکانی " پرۆسەی ئەستانە" کرا

(0) / جهان


Feb 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

حکومەتی ڕووسیا بانگهێشتی عێراقی کرد بۆ بەشداری لە دانیشتنی " پرۆسەی ئەستانە".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە "ماکسیم ماکسیمۆف" باڵوێزی ڕووسیا لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشنامەی فەرمی وڵاتەکەی لە عێراق بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی پرۆسەی ئەستانە وەکوو چاودێر، ئاراستەی بەڕێزیانی کرد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پانزەیەمین دانیشتنی وڵاتانی دابینکەری ئاشتی بۆ سووریا ناسراو بە پرۆسەی ئەستانە وەک چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی شانزە و حەڤدەی فیبریەی ئەمساڵ (۲۸ و ۲۹ ی ڕێبەندان) لە شاری سووچی ڕووسیا بەڕێوە بچێت و تێیدا باس لەسەر گۆڕانکارییەکانی دۆخی ئەمنی و سیاسی و مرۆییەکانی سووریا بکرێت.

ماکسیمۆف و خەیرۆڵا لەم چاوپێکەوتنەدا سەبارەت بە بابەتە جیاوازەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی پەیوەست بە هەردوو وڵات وتووێژیان کرد.

هەردوولا لە ئەم چاوپێکەوتنەدا جەختیان کردەوە لە نزیکی تێڕوانینەکانی عێراق و ڕووسیا لەمەڕ ڕێگاکانی کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا و پێویست بوونی ڕێگەچارەیەکی سیاسی نوێ لە ڕێگای دووبارە دروستکردنی پردەکانی متمانە لە نێوان سوورییەکان سەرەڕای بۆچوونە جیاوازەکانیان و بەبێ دەستێوەردانە دەرەکییەکان.