عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکرێت مانگانە 900 ملیۆن دۆلار دەدرێتە هەرێم و نرخی بەنزینیش دەبێتە 450 دینار.  

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەلی حەمەساڵح لە نوسینێکدا ڕایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە خزمەتی خەڵکی کوردستانە، عێراق بەهێز دەستبەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ناگرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەکاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، عێراق پارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و کرێی بۆری دەدات پاش پێداچوونەوە، بەم نرخەی ئێستای نەوت، پشکی هەرێم مانگانە لەنێوان (٩٠٠ بۆ یەک ملیار دۆلارە)، موچە (٦٠٠ ملیۆنی دۆلارە) واتە، جگە لە موچە نزیکەی (٣٠٠ ملیۆن دۆلار)ی تر لەبەردەستە بۆ خزمەتگوزاری لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆش."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەوکاتەدا هەرێم دەبێت بە بەشێک لە سیاسەتی سوتەمەنی عێراق، بەنزین بە ٤٥٠ دینار و نەوتی ماڵان دابین دەکرێت."

سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان دەشڵێت، "لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە حکومەتی هەرێم ئەوەی لەدەستی دەدات ئەوەیە کە ناتوانێت راستەوخۆ نەوت بفرۆشێت و لە داهاتووش بۆ غاز، ناشتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان بکات."

زیاتر بخوێنەرەوە: وەزیری نەوتی عێراق باس لە جێبەجێکرنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکات 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم خواستەی عێراق زیاتر بۆ غازی داهاتووە، بۆچونی من ئەوەیە، ڕێککەوتنێکی گشتگیربکرێت و یاسای نەوت و غاز دەربچێت و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق جێگیر بکرێت، چونکە ناکۆکی لە خزمەت خەڵکی کوردستان نیە."