یەکێتی دوای کۆنگرە / سەرباز سەید مەحمود

(0) / / مقالە / زایەڵە یەکێتی کۆنگرە سەرباز سەید مەحمود


Oct 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە مێژووی حزبە سیاسییە کوردییەکاندا یەکێتی تاکە حزب بوو کە توانی لەوادەی خۆیدا کۆنگرە ببەستێت، تەحەدای هەموو ئەو قسانەی کرد کە دەیانووت یەکێتی بە کۆنگرە هەڵدەوەشێتەوە، ناتوانێت بیکات و کێشە ناوخۆییەکانی دەتەقێتەوە. 

سەرەنجام ئێمە کۆنگرەیەکمان بینی کە زیاتر بە کەرنەڤاڵ دەچوو، ئەندامەکانی ئەوەندە یەکێتییانە بیریان دەکردەوە کە بەڕاستی ئەم کۆنگرەیە رەنگە ببێتە عیبرەت بۆ حزبە سیاسییەکانی تر بۆ ئەوەی بەسەر ترس لە بەستنی کۆنگرەدا زاڵبن.
یەکێک لە خەسڵەتە جوانەکانی ئەم کۆنگرەیە ئەوەبوو کە پەیڕەوی ناوخۆی حزب لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە دەنگی لەسەر درا، کۆی ئەندامان بەشداربوون لەو مادانەی کە کاری حزب بۆ چوار ساڵی ئایندە دیاری دەکات.
جوانییەکی تر و داهێنانێکی تری ئەم کۆنگرەیە ئەوەبوو سیستمێکی تازە و هاوچەرخی پەیڕەو کرد، ئەویش سیستمی لیست بوو، واتا ئەو لیستەی کە زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە پەسەندیان کرد، کەسەکانی ناو لیستەکە دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، گرنگی سیستمی لیست لەوەدایە کە باڵ باڵێن و کوتلە و کوتلەکاری ناهێڵێت لەناو حزبدا، کە یەکێتیی لە ساڵی 1975 وە تامەزرۆیەتی تاکو ئەمڕۆ.
بیریشمان نەچێت لایەنی هونەری و سکیوریتی و دیزانی شوێنی کۆنگرە لە ئاستێکی هەرە پرۆفیشناڵدا بوون، ئەوانیش سەربازی و نبوون و شایەنی باسکردنن.
جا ئەم کۆنگرەیە عیبرەتی زۆری تێدابوو، چ بۆ حزبە سیاسیەکان، چ بۆ ناوخۆی یەکێتیی، بەڵام عیبرەتی هەرە سەرەکی دوای کۆنگرە کاری ئەم سەرکردایەتییە تازەیەیە، کە بەر لەهەموو شتێک پێویستە دڵی ئەو کادر و لایەنگرانەی خۆی ئاشت بکاتەوە کە لە رابردوودا بە هۆکارێک زویر بوون.
سەردانی ئەو سەرکردە و کاربەدەستانە بکرێت کە بەشداریی کۆنگرەی پێنجەمیان نەکرد، بۆئەوەی دواتر بە یەک تیم و بە یەک دەنگ هەوڵی سەرخستنی کاندیدانی یەکێتیی بدرێت لەهەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق و پەرلەمانی کوردستان.